ڕێوڕەسمی قەداسی ئایینیی پاپا لە یاریگای فرەنسۆ هەریری بەڕێوە دەچێت
لە ڕێوڕەسمی تایبەتیی ئایینیدا کە بە بۆنەی هاتنی پاپاوە بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارن.
ڕێوڕەسمی نوێژی قەداس کە بە ئایین و دابنەریتێکی تایبەت و شکۆدارەوە دەخوێندرێت، یەکێک لە داب و ڕێوڕەسمەکانی ئایینی مەسیحییە و پاپا هەتا ئێستا لە زۆر وڵاتان بەڕێوەی بردووە.
لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکەدا نوێنەری هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییە ئاییینی و کۆمەڵایەتییەکان بەشدارن.
لە بەیانیی ئەمڕۆوە کە پاپا فرانسیس بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمەوە بە شکۆوە پێشوازیی لێ کرا، میدیا ناوچەیی و جیهانییەکان بە گرنگییەوە هەواڵەکەیان ڕووماڵ کرد و بەتایبەتی پرس و کولتووری پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و بەها و پرەنسیپە دیموکراتییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێزدانان و پێشوازیی هەرێمی کوردستان لە مەسیحییەکان، بەرز نرخێندرا و وەک هەڵوێستێکی شایستەی کوردستان لێک دراوەتەوە.
باسنيوز
