پاپای ڤاتیكان لە دڵەوە سوپاسی گەلی كوردی كرد

پاپای ڤاتیكان لە دڵەوە سوپاسی گەلی كوردی كرد
پێش كەمێك ڕێوڕەسمی قەداسی ئایینیی پاپای ڤاتیكان لە هەولێر كۆتایی هات و لە كاتی ماڵئاواییشدا، پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان لە دڵەوە سوپاسی گەلی كورد و سەركردایەتی سیاسیی هەرێمی كوردستانی كرد.

پاپا فرانسیس لە كاتی كۆتاییهاتنی قەداسە ئایینییەكەدا، گوتی لە دڵەوە سوپاسی گەلی كورد دەكەم. ئێستا كاتی گەڕانەوەمە بۆ ئیتاڵیا، بەڵام ئێوە بەردەوام لە دڵمدا دەمێننەوە، خودا سەركەوتووتان بكات.

ئەم ئێوارەیە پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان لە میانی وتارێكدا كە بە زمانی ئیتاڵی لە یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری لە ڕێورەسمی نوێژی قەداسدا پێشكەشی كرد، رایگەیاند كەنیسە لە عێراقدا زیندووە، مەسیحیش لە عێراقدا زیندووە، ئارامگریی ئێوە وای لێ كردم حەجی عێراق بكەم.

پاپا فرانسیس كە چەند ئایەتێكی لە ئینجیلی پیرۆزدا لە كاتی قەداسە مێژووییەكەی یاریگای شەهید فەرەنسۆ لە هەولێردا تەفسیر كرد، هەروەها گوتیشی لێرە لە عێراق، زۆرێك لە براكانتان قورسایی برینی توندوتیژی و شەڕەكانیان هەڵگرتووە.

هەروەها پاپا گوتی دەبێت مرۆڤ دڵی پاك و بێگەرد بێت لە درۆ و دووڕوویی، كە هەموومان بەشێكمان لێیان هەیە.

پاپا فرانسیس ئەوەشی گوت كە هەموومان پێویستمان بەوەیە ئارەزووی دەسەڵاتدارییەتی لە دڵمان بێنینە دەرەوە، لە كاتێكدا خوشك و براكانمان بەدەم ئازاری بیندراو و نەبیندراوەوە دەتلێنەوە، پێویستە ڕوو لە ئاشتی بكەین و لە درۆ و دووڕوویی دووربكەوینەوە.

دوای ئەوەی ئەم ئێوارەیە گەیشتە یاریگای فرەنسۆ هەریری و لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانەوە بە شکۆوە پێشوازی لێ کرا، پاپا فرانسیس پاپای فاتیكان بە زمانی ئیتاڵی وتارێكی لە میانی ڕێوڕەسمی تایبەتیی نوێژی قەداسی پێشكەش كرد.

لەم ڕێوڕەسمە تایبەتییە ئایینییەدا کە بە بۆنەی هاتنی پاپاوە بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕێک خرا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.

ڕێوڕەسمی نوێژی قەداس کە بە ئایین و دابنەریتێکی تایبەت و شکۆدارەوە دەخوێندرێت، یەکێک لە داب و ڕێوڕەسمەکانی ئایینی مەسیحییە و پاپا هەتا ئێستا لە زۆر وڵاتان بەڕێوەی بردووە.

لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکەدا نوێنەری هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییە ئاییینی و کۆمەڵایەتییەکان بەشدار بوون.

لە بەیانیی ئەمڕۆوە کە پاپا فرانسیس بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمەوە بە شکۆوە پێشوازیی لێ کرا، میدیا ناوچەیی و جیهانییەکان بە گرنگییەوە هەواڵەکەیان ڕووماڵ کرد و بەتایبەتی پرس و کولتووری پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و بەها و پرەنسیپە دیموکراتییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێزدانان و پێشوازیی هەرێمی کوردستان لە مەسیحییەکان، بەرز نرخێندرا و وەک هەڵوێستێکی شایستەی کوردستان لێک دراوەتەوە.













باسنيوز



Top