مامۆستایەكی زانكۆ: هەولێر بووەتە نموونەیەکی جوانی پێكەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

مامۆستایەكی زانكۆ: هەولێر بووەتە نموونەیەکی جوانی پێكەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
مامۆستایەكی زانكۆی سەلاحەدین باس لە گرنگیی سەردانەكەی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان دەکات و جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو کات بەها دیموکراتییەکانی پاراستووە و هەولێریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە نموونەیەکی بەرچاوی پێکەوەژیان.

د. پەرێز ڕەحیم قادر، مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین، ڕایگەیاند: "ئەو سەردانەی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و هەرێمی كوردستان هەمیشە شانازی بەوەوە دەكات كە پرەنسیپ و بەهاكانی دیموكراتی و پێكەوەژیانی تێدا هەیە و جێبەجێ كراوە و لە دوای ساڵی 2003ەوە كلد و ئاشورییەكان لە عێراق تووشی ئاوارەیی و ڕاوەدوونان و كوشتن و بڕین هاتن، بەتایبەت پاش سەرهەڵدانی داعش، بۆیە هەرێمی كوردستان بووە پەناگە بۆیان و رێگە نەدرا ئەوان بە یەكجاری لەناو بچن و ئەم هەوڵەی هەرێمی کوردستان بووە هۆی ئەوەی مەسیحییەکان بە یەكجاری عێراق بەجێ نەهێڵن".

ڕوونیشی كردەوە: "جگە لەوەی مەسیحییەكانی ناو هەرێمی كوردستان بە ئازادانە مومارەسەی ئایینەكەی خۆیان دەكەن و پێكوەژیان لە یاساكانی هەرێمی كوردستان و لە حوكمڕانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە ئەو سەردانەی پاپا جۆرێكە لە وڵامدانەوە و هاتنی بۆ هەولێر كە بووەتە نموونەی بەرزی پێكەوەژیان لە رۆژهەڵاتی ناڕوراستدا، ئەوەش بەپێی ئاماری رێكخراوە نێودەوڵەتییەکانە کە باسی لێوە دەكەن".

پەرویز ڕەحیم قادر ئاماژەی بەوەش دا: "بە بەروارود بە دۆخی كەمینەكان لە توركیا، سووریا، ئێران و عێراق، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی قەزاری هەرێمی كوردستانە و هاتنی پاپا لەمبارەوە زۆر گرنگە و ئایینیش رۆڵی باڵای هەیە و ئەوەتا فۆكسی جیهانی خراوەتە سەر ئەم سەردانەی پاپا و لە شوێنەكانی تر ئەگەر پاپا بەترس و لەرزەوە سەردان بكات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان زۆر ئاسایی وەردەگیرێت و ئەوانە نیشان دەدات كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی جوان و پرشنگداری پێکەوەژیان و ئارامی هەیە".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ، ئەوەشی خستە ڕوو: "بەڵام حكوومەتی عێراق دەیەوێت سوود لەو سەردانەی پاپا ببینێت كە وای نیشان بدات توانای دابینكردنی ئاسایشی هەیە، بەپێچەوانەی ئەوەی وێنا دەكرێت، هەروەها حكوومەتی عێراقی دەیەوێت سوود لەوە ببینێت كە بە پشتیوانیی وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریكا لەڕووی ئایینی مەسیحییەوە بتوانێ ئەوە بە پاڵپشتییەكی سیاسی و ئابووری و ئاسایش بۆ عێراق لێک بداتەوە و بۆ پاپاش گرنگە كە ئەو سەردانەی کردووە کە هەوڵ بدات رووبەڕووی تەحەدا ئەمنییەكان ببێتەوە و نیشان بدات كە ئەوە جگە لەوەی ڕێبەڕیی مەسیحییەكان دەكات و دەتوانێ دەستپێشخەر بێت بۆ گفتوگۆی ئاشتیی نێوان ئایینەكان كە بتوانێت ئاشتی و ئاسایش بێنێت ڕێگە لە ئەشكەنجە و كوشتار و كۆچكردنی مەسیحییەکان لە عێراق بگرێت".











باسنيوز


Top