ڕۆژنامەنووسێکی مەسیحی لە ئێران: هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی شکۆدارانەی لە پاپا کرد

ڕۆژنامەنووسێکی مەسیحی لە ئێران: هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی شکۆدارانەی لە پاپا کرد
ڕۆژنامەنووسێکی مەسیحی لە ئێران ئاشکرای کرد هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی شکۆدارانەی لە پاپا فرانسیس کرد و خوازیارە پاپا سەردانی ئێرانیش بکات، چونکە ڕەوشی مەسیحییەکانی ئێران زۆر خراپە.

پاپا فرانسیس ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی٣ی٢٠٢١ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە پێشوازیی لێ کرا و دواتر بەرەو مووسڵ بەڕێ کەوت.

هەواڵی سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان، لە ئاستی ناوچە و جیهاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە و پرسی پێکەوەژیانی ئایینیی هەرێمی کوردستان بەرز نرخێندراوە.

لەمبارەوە عادڵ واعێزی، ڕۆژنامەنووسی مەسیحیی ئێران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی (موحبەت نیوز) بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەم سەردانەی پاپا فرانسیس بۆ هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆری هەیە و ئەم سەردانە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی کولتووری پێکەوەژیانی نێوان ئایین و ئایینزاکان لە کوردستان".

ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕاشی گەیاند: "لەبەر ئەوەی کە مەسیحییەکان لە عێراق لە ڕابردوودا زوڵم و ستەمێکی زۆریان لێ کراوە و لە شوێنی ژیانی خۆیان ئاوارە بوون، ئەم سەردانەی پاپا دڵگەرمییان پێ دەبەخشێت و ئەو هیوایەیان لەلا زیندوو دەکاتەوە کە بگەڕێنەوە شوێنی ژیانی خۆیان".

عادڵ واعێزی لەبارەی سەدانەکەی پاپا ڕاشی گەیاند: "حکوومەتی عێراق دەتوانێ بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یارمەتیی مەسیحییەکان بکات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر شوێنی ژیان و ناوچەکانی خۆیان و قۆناغێکی نوێی ژیان دەست پێ بکەنەوە".

ئەو ڕۆژنامەنووسە مەسیحییە ئێرانییە لەبارەی بارودۆخی مەسیحییەکان دانیشتووی ئێرانەوە ئاماژەی بەوە کرد: "ڕەوشی مەسیحییەکانی نیشتەجێی ئێران زۆر ناجێگیرە و هیچ هیوایەکیان بە ژیان و داهاتووی خۆیان نییە، منیش پێم باشە و حەز دەکەم پاپا سەردانی ئێرانیش بکات و ڕەوشی ژیانی ئەوانیش ببینێت و دڵیان خۆش بکات، بەڵام بەداخەوە سیاسەتی حکوومەتی ئێران ڕێگە نادات پاپا سەردانی ئەو وڵاتە بکات".









باسنيوز
Top