بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان: هاتنی پاپا بۆ هەولێر بۆ پێزانین و ستایشكردنی هەرێمی كوردستانە

بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان: هاتنی پاپا بۆ هەولێر بۆ پێزانین و ستایشكردنی هەرێمی كوردستانە


بەرێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی رای دەگەیه‌نێ، هاتنی پاپا بۆ هەولێر و هەرێمی كوردستان بۆ پێزانین و ستایشی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەو پێكەوەژیانەی بۆ سەرجەم ئایین و پێكهاتەكان فەراهەمی كردووە.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 7/3/2021، خەیری بوزانی، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بە گەرمی پێشوازی لە سەردانەكەی جەنابی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان دەكەین، سەردانێكی چاكە و ئومێدەوارین پشتیوان بە خودا ئەو سەردانە ئاشتی و تەبایی بۆ عێراق بەدوای خۆیدا بهێنێت، بە تایبەت دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی داعش عێراق و هەرێمی كوردستان تووشی نەهامەتییەكی زۆر بوونەوە".

سەبارەت بەوەی پاپا فڕانسیس لە بەشێك لە وتارەكانیدا لە چەند شوێنێك باسی نەهامەتی ئێزدییەكانی كردووە، خەیری بۆزانی گوتی:" ئاگادار بووین لە گوتارەكانیدا پاپا باسی نەهامەتیەكانی ئێزدییەكانی كرد، كە بە هۆی داعشه‌وه‌ بەسەرمان هاتووە، ئەوە بەڵگەیەكی باشە، لەوانەیە لە پاشەڕۆژدا بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەو كارەساتەی لە شەنگال رووی دا سوود لەو گوتانەی پاپا وەربگرین".

بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، جەختیشی كردەوە "هاتنی پاپا بۆ هەولێر وهەرێمی كوردستان بۆ پێزانین و ستایشی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەو پێكەوەژیانەی بۆ سەرجەم ئایین و پێكهاتەكان فەراهەمی كردووە و بۆتە پەناگەیەكی ئارام بۆ هەموان".

سەبارەت بە داواكارییەكانیان لە پاپا خەیری بوزانی گوتی:" داواكاری سەرەكی ئێمە ئەوەیە پاپا هاندەرێكی باش بێت بۆ ئەوەی ئەو كارەساتەی لە ساڵی 2014 رووی داوە لە شنگال وەكوو جینۆساید بناسێت".

پێشی وایە پاپا وەكوو كەسایەتییەكی جیهانی دەكرێت رۆڵی هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی جیهان" پاپا یەكێكە لە كەسایەتییە هەرە گەورەكانی جبهان قسە وهەڵوێستەكانی كاریگەری خۆی هەیە، بۆیە ئێمە وەكوو ئێزدی سەردانەكەی بە گرنگ دەزانین".

بەرپرسەكەی كاروباری ئێزیدییان باوەڕی وایە سەردانی پاپا تەنیا بۆ لای مەسیحییەكان نییە، "سەردانی پاپا تەنیا بۆ مەسیحییەكان نییە، سەردانەكە بۆ لای هەموو پێكهاتەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانە، بە مەسیحی و موسڵمان و ئێزدییەوە".



باسنيوز
Top