پاپا فرانسیس بەرەو مووسڵ بەڕێ کەوت
پاپای ڤاتیکان دوای پێشوازی لێکردنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەرەو مووسڵ بەڕێ کەوت.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 7-3-2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە پاپا فرانسیس کرد.
دوای تەواوبوونی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، پاپا فرانسیس بەرەو شاری مووسڵ بەڕێ کەوت.
بڕیارە لە مووسڵ، پاپای ڤاتیکان نوێژ بۆ مەسیحییەکانی و قوربانییانی دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بکات و دواتریش بچێتە قەرەقۆش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
لە کەنیسەی تاهیرە لە قەرەقۆش، پاپا فرانسیس نوێژ بۆ مەسیحییەکانی ئەو سنوورە دەکات.
دواتر پاپا فرانسیس دەگەڕێتەوە هەولێر و دەچێتە عەنکاوە.
بڕیاریشە لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا، لە یاریگای نێودەوڵەتیی شەهید فەرەنسۆ هەریری، پاپا فرانسیس بە ئامادەبوونی 10 هەزار هاووڵاتیی مەسیحی، گەورەترین قەداس لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ساز بکات.
باسنيوز
