مونا قەهوەچی: هاتنی پاپا فرەنسیس بۆ هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر و گرنگییەکی تایبەتی هەیە

مونا قەهوەچی: هاتنی پاپا فرەنسیس بۆ هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر و گرنگییەکی تایبەتی هەیە
مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هاتنی پاپا فرەنسیس بۆ هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر و گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئامانجی سەردانەکە بۆ لە نزیکەوە بینینی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانە.

مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "سەردانی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لەم کات و ساتە هەستیارەدا سەردانێکی گرنگ و مێژووییە و پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیان و یەکگرتووی لەخۆدەگرێت و گیانی پێکەوەیی لە نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئاینزاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات، لەروانگەیەکی تریشەوە جەختکردنەوەیە لە یەکهەڵوێستی کۆی مرۆڤایەتی لەپێناو رووبەرووبوونەوەی توندئاژۆیی و ململانێیەکان و شەڕی و ئاڵۆزییەکان".

گوتیشی: "سەردانەكە پشتیوانی و پاڵپشتییەکی زۆر بەهێزە بۆ خوشک و برایە کریستیانەکانمان کە پێکهاتەیەکی دێرینن و خاوەنی مێژوویەکی گەورەن و قوربانی زۆریان داوە".

مونا قەهەوەچی كە لە نەتەوەی توركمانە دەشڵێت: "سەردانی پاپا فرەنسیس لەم کاتەدا کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر دۆخی عێراق و ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی و پەیامێکە بۆ جیهانیش کە عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی سەروەری خۆیانن سەرەرای ئەو هەموو قەیران و کێشە و ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەی کە ئێستا عێراق تێیدا گوزەر دەکات".

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەش دەكات، "هاتنی پاپا فرەنسیس بۆ هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر و گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئامانجی سەردانەکەی بەرێزیان بۆ لە نزیکەوە بینینی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان و ئاگاداری دۆخی ژیانی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکانە لە هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان مافی سەرجەم پێکهاتەکان دەستەبەرکراوە و بەیاسا دەقنووس کراون، هەروەها هەرێمەکەمان هەمووکات پەناگەیەکی میهرەبان بوە بۆ سەرجەم ئەو ئاوارانەی کە بەهۆی تیرۆرستانی داعش ناوچەکانی خۆیان جێهێشووە و نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان بوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە بەگشتی".














باسنیوز

Top