بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مەسیحییەكان: هەرێمی كوردستان لانكەی هەموو پێكهاتەكانە
خالید جەمال ئەلبێر، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لەبەر ئەوەی ئەو كێشە و گرفتانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هەیە بەتایبەت لە نێوان شیعە و سوننە و شەڕی تاییفی و كێشەی نێوان كوتلە شیعییەكان بۆیە ئەمڕۆ بینیمان جەنابی قەداسەتی پاپا چاوی بە ئایەتوڵا سیستانی كەوت، ناوەڕۆكی دیدارەكەش دیار نییە، بەڵام بەگشتی سەردانی پاپا بۆ مەسیحییەكان شتێكی مێژووییە، كەس نازانێت دووبارە دەبێتەوە یاخود نا".
ڕوونیشی كردەوە؛ "ئەوان وەكوو مەسیحییەكان پێویستیان بەو ئومێد و خواستە بوو كە پاپا فرانسیس پێی داون و ئەو هاتنە هاندانێك بوو بۆ مەسیحییەكانی عێراق كە عێراق بەجێ نەهێڵن و ئەوانەش بۆ دەرەوە کۆچیان كردووە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان".
خالید جەمال ئەلبێر، جەختیشی كردەوە: "سەردانی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لانكەی هەموو پێكهاتەكانە، هەرێمی كوردستان باوەشی بۆ مەسیحییەكان كردووەتەوە و پێشوازیی لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە کردووە، بۆیە هاتنی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان بۆ پێزانینی ئەو هەڵوێستانەیە كە هەرێمی كورستان بۆ پێكەوەژیان هەیەتی، ئەو دەیەوێت لە نزیكەوە مەسیحیەكان ببینێت".
لەبارەی هەڵبژاردنی هەولێر گوتی: "پاپا بۆیە هەولێری هەڵبژاردووە، چونكە زۆربەی مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا و دهۆك و سلێمانی لە هەولێرن، بۆیە بڕیارە سبەی بگاتە هەولێر و پێشوازییەكی گەرمی لێ دەكرێـت و چەند چالاكی و كۆبوونەوە و سەردانێكیشی دەبێت".
بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی روونی كردەوو: "سبەی لە یاریگای نێودەوڵەتیی فرەنسۆ هەریری ڕێوڕەسمێکی ئایینیی 10 هەزار كەسی بەڕێوە دەچێت و ئەوەی لە هەولێر پاپا فرانسیس دەیكات، پێی دەڵێن (قەداسی بەرەكەت) كە پەیام و گوتەی تێدا دەبێت، چاوەڕوان دەكرێت سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادە بن، لەگەڵ خەڵكی تری دیبلۆماسی و سیاسی، نوێژی بەرەكتیش دەكرێت و پەیامی كۆتاییش لەوێ دەخوێندرێتەوە، ئەو ڕێورەسمەی لە هەولێر دەكرێت، لە هیچ شوێنێكی تری عێراق نەكراوە".
لەبارەی ناوەڕۆكی گوتارەكەی پاپا لە هەولێر، جەمال ئەلبێر گوتی: "دیار نییە ناوەرۆكی گوتارەکەی چییە، دوێنێ لە كۆشكی كۆماری لە بەغدا گوتە و پەیامەكە شتێك بوو لە كەنیسەی سەید نەجات شتێكی تر بوو، دوێنێ باسی نەزاهەت و ئاشتی كرد لە ئوور پەیامی پێكەوەژیانی هەبوو، بۆیە لە هەولێریش پاپا پەیامی تایبەتی دەبێت".
ئەو بەپرسەی كاروباری مەسیحییەكان، ئاگاداری وردەكاری سەردانەكەی پاپایە بۆ هەولێر و هەرێمی كوردستان و گوتی: "بڕیارە سبەی كاتژمێر8:20 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لە جەنابی پاپا بكرێت، دواتر چاوپێكەوتنی دەبێت لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی و سەرۆكی حكوومەت، پاشان بە هەلیكۆپتەر بەڕێ دەكەوێت بۆ مووسڵ و لە كەنیسەی پێشوازی لێ دەكرێت، دواتر چاوی بە كەسایەتییەكانی شاری مووسڵ دەكەوێت، دواتر دەچێـتە قەرەقووش و لەگەڵ پاتریاك یووسف یۆنان دیداری دەبێ، دواتر دەچێتە كەنیسەی (سەیدەت تاهیرە) لەوێ نوێژ و قەداسەت دەكەن و پەیامێكی دەبێت بۆ بریندارانی شەڕی داعش، پاش چەند دیدارێكی دەبێت دوای نیوەڕۆ دێتەوە هەولێر و لە عینكاوە نانخواردن و پشوو دەبێت، دیداریشی لەگەڵ ئوسقوفەكانی هەولێر و دهۆك و كەركووك دەبێت پاشان لە یاریگای فرانسۆ هەریری كاتژمێر 4 ڕێوڕەسمی ئایینیی قەداس دەست پێدەكات، گوتار و پەیامی دەبێت و كاتژمێر 7ی ئێوارە كۆتایی بە ڕێورەسمەكە دێت".
خالید جەمال ئەلبێر ئاماژەی بەوەش دا: "ئەوان وەكوو مەسیحییەكانی كوردستان پەیام داواكارییەكانی خۆیان لەڕێگەی وەزیری ئەوقاف و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەگەیەننە پاپا فرانسیس".
ئاشكراشی كرد: "ژمارەیەكی تەواوی مەسیحییەكانیان لەبەردەست نییە كە ئێستا چەندیان هەرێمی كوردستان دەژین، لەبەر ئاوارە و كۆچكردن بۆ دەروە ژمارەكە دروست نییە، بەڵام نزیكی 300 هەزار مەسیحی لە هەولێر و سلێمانی و دەشتی نەینەوا و دهۆك دەژین".
باسنیوز
