بەدواداچوون بۆ گلەیی هاووڵاتیان لە ئاردی بایەعی دەكرێت

بەدواداچوون بۆ گلەیی هاووڵاتیان لە ئاردی بایەعی دەكرێت
وه‌زاره‌تی بازرگانی، بەشێوەیەكی لە ناكاو چەندین ئاشی بەسەر كرده‌وه‌ و بەرپرسێكی وەزارەته‌كه‌ش وردەكاری ئەو لێكۆڵینەوەیەی بۆ بەشە ئاردی بایەعی كردوویانە ئاشكرا دەكات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6/3/2021، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پاش گەیشتنی سكاڵا و گلەیی هاووڵاتیان لە بارەی ئەوەی كە ئەو ئاردەی لە رێگەی بایەعەكان دابەش دەكرێت نانی لێ دروست ناكرێ و بە كەڵك نایەت، سەردانێكی رانەگەیاندراو و كتوپڕمان بۆ ئاشەكان كرد".

روونیشی كردەوە، ئەمڕۆ وێڕای نەبوونی دەوامی فەرمی، زۆر بە نهێنی سەردانی چەند ئاشێكی ناو هەولێرمان كرد، "وەزیری بازرگانی و من و بەرپرسی پشكنین، ئەمڕۆ پێنج ئاشمان بەسەر كردەوە، چوار نموونەمان لە چوار ئاش وەرگرت، نموونەكانیش لە ئارد و گەنم و كەپەك بوون، لە چەند فەردەیەكی ئارد نموونەی هەڕەمەكیمان وەرگرتووە، لای خۆمان پشكنین و بەدواداچوون دەكەین بۆ ئەو نموونانەی وەرمانگرتوون".

سەروەر هاواری، گوتیشی: "گلەیی لەسەر ئاردی هەندێك لە ئاشەكان هەیە، بۆیە ئەو كارەی خۆمان لە هەولێر و شارەكانی تریش بەردەوامی پێ دەدەین و بە نهێنی سەردانی ئەو ئاشانە دەكەن".

روونیشی كردەوە لە ساڵی رابردوو 110 هەزار تەن گەنم درابوو بە ئاشەكانی هەولێر، "ئەو گەنمە لاواز بوو، بۆیە بە رەزامەندیی حكووومەتی عێراق، بڕیار درا ئەو گەنمە 60%ی تێكەڵ بكرێت لەگەڵ 40%ی گەنمی مەخموور، پاش پشكنین و چەند رێكارێك ئەو كارە دەستی پێكردووە گلەییەكە لەسەر خراپی ئاردەكە كەم بووه‌وە، بەڵام ماوەیەكە گلەییەكان سەریان هەڵداوەتەوە، بۆیە بڕیارمان دا لێكۆڵینەوەی مەیدانی بكەین".

بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی جەختی كردەوە، ئەو نموونەیه‌ی لە ئاشەكان وەرگیراون، لە سبەینێوە پكشنین و لێكۆڵینەوەیان تێدا دەكرێت "هەر ئاشێك كەمته‌رخەم بێت، ئەوە لێپرسینه‌وه‌ی لەگەڵدا دەكرێت و رێكاری خۆمان دەگرینە بەر لە پێناوی باشتركرنی بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتیان".













باسنیوز


Top