ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە دھۆك دەستیپێكرد
مەسعود محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە دھۆك رایگەیاند، ئەمڕۆ ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دھۆك دەستیپێكرد، د. عەبدوڵڵا سەعید كە پزیشكێكی ناسراوی شارەكەیە یەكەم كەس ڤاكسینی بەكارھێنا.
رۆژی 2/3/2021 كاروانی یەكەمی ڤاكسینی سینۆفارمی چینی گەیشته ھەرێمی كوردستان، كە 5 ھەزار پێكوتەیە.
د. ئەفراس یاب موسا، بەرێوبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دھۆک لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، پشكی پارێزگای دھۆك لەو بڕە ڤاكسینە 920 دانەیە، وەك قۆناغی یەكەم بۆ 460 پزیشك و كارمەندی تەندروستی بەكار دەھێندرێت.
بڕیاریشە لە رۆژانی داھاتوو لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەستپێبكات.
K24
