ئەڵمانیا: دەبێ تورکیا دەمیرتاش ئازاد بكات

ئەڵمانیا: دەبێ تورکیا دەمیرتاش ئازاد بكات
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، داوا لە توركیا دەكات ڕێز لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بگرێت و بڕیارەكانی جێبەجێ بكات، ئەویش ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان كاڤالایە، بەڵام توركیا وەڵامی نەداوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەك داوای لە توركیا کردووە لە وڵاتەكەی ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرێت و دڵخۆشیشە كە ئێستا پلانی جێبەجێكردنی مافی مرۆڤیان خستووەتە بەرنامەی كاریانەوە، هەروەها داوا دەكات بەپەلە دەمیرتاش و كاڤالا ئازاد بكرێن، چونكە بە بێتاوان دەستگیر كراون.

هەروەها لە بەیاننامەكەدا نیگەرانیی خۆیان لەبارەی یاسای تیرۆر لە توركیا دەربڕیوە و پێیانوایە ئەو یاسایە زۆر كەموكوڕیی تێدایە و دژی مافەكانی مرۆڤە، بۆیە داوا دەكات ئەو یاسایە هەموار بكەنەوە.

ئەڵمانیا، توركیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئازادیی تاكی بەرتەسك كردووەتەوە، ئەمەش لەگەڵ یاسا و سیستەمی ئەورووپا یەك ناگرێتەوە، بۆیە داوای لێ دەكات، لەگەڵ یاساكانی ئەورووپا و یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ خۆی بگونجێنێت.

هەتا ئێستا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا کە تورکیاش تێیدا ئەندامە دوو جار بڕیاری داوە کە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی تورکیا کە لەلایەن تورکیاوە زیندانی کراوە، ئازاد بکرێت، بەڵام بە بڕیاری ئەردۆغان پێش بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە گیراوە.








باسنیوز
Top