ئەنجوومەنی پیران تاووتوێی پرۆژە 1.9 ترلیۆن دۆلارییەکە دەکات

ئەنجوومەنی پیران تاووتوێی پرۆژە 1.9 ترلیۆن دۆلارییەکە دەکات
بووژانەوەی ئابووریی ئەمریکا بە بڕی 1.9 ترلیۆن دۆلار پرۆژەیەکی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکایە، دوای چەند مانگێک کێشمەکێشی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بە جیاوازی تەنیا یەک دەنگ، ئەنجوومەنی پیرانی زۆرینە دیموکراتی ئەمریکا تاوتوێکردنی پرۆژەی دارایی بە بڕی 1.9 ترلیۆن دۆلاری دەستپێکرد.

پرۆژە داراییەکە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تێپەڕکراوە و بۆ ئەنجوومەنی پیران بەرزکراوەتەوە. بۆ ئەوەی رێگە بدرێت خوێندنەوە بۆ پرۆژەیەک لە ئەنجوومەنی پیراندا بکرێت پێویستی بە رەزامەندیی 50 کۆ 1ی 100 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیرانە.

لەو چوارچێوەیەدا کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانە و خاوەن دەنگی یەکلاییکەرەوەیە، یەکسانی 50 دەنگەکەی کۆماری و دیموکراتەکانی شکاند و پەسندکردنی خوێندنەوەی پرۆژەکەی بە 51 بۆ دیموکراتەکان بە 50 بۆ کۆمارییەکانی، تێپەڕکرد.

پرۆژەی دارایی 1.9 ترلیۆن دۆلاری لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە پشتگیریکراوە و تایبەتە بە پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی بە چینی مامناوەند و هەژارەکانی ئەمریکا و تێیدا دیاریکردنی بڕی 15 دۆلار بۆ هەر کاژێرێکی کارکردن بۆ کارمەند و کرێکار دیاریکراوە.

دیموکراتەکان هیوایان هەیە پرۆژەیاساکە بەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیە پەسندبکرێت و بخرێتە بەردەم جۆ بایدن بۆ پەسندکردن و پاشان جێبەجێکردنی.

پێشبینی دەکرێت خوێندنەوەی دەقی پرۆژەکە نزیکەی 10 کاژێر بخایەنێت و پاشان نزیکەی 20 کاژێر دەدرێتە سیناتۆرەکان بۆ تاوتوێکردنی دەقەکە.

لە هەنگاوی دووەمدا، سیناتۆرەکان خولێکی نوێی گفتوگۆکردن و چاوخشاندنەوە و پێشکەشکردنی دەستپێشخەری و هەموارکردنی بڕگەکانی پرۆژە داراییەکە ئەنجامدەدەن.

لەکاتێكدا چاک شوومەر و نانسی پیلۆسی، سەرۆکانی زۆرینەی دیموکراتی نێو هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمریکا جەخت لە تێپەڕاندنی پرۆژەکە دەکەنەوە، کۆمارییەکان لە دژی دەوەستن و بە پرۆژەیەکی دارایی قورس و گران ناویدەبەن و رایانگەیاندووە پرۆژەکە چەندین بڕگەی تێدان کە پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە نییە.
rudaw -
Top