سەرۆکی زانکۆی کۆیە رەتیدەکاتەوە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار تووشی کۆرۆنا بووبن
د. وەلی مەحموود، سەرۆکی زانکۆی کۆیە راگەیاند "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هیچ مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکارێک لە زانکۆی کۆیە گیانی لەدەستنەداوە و ژمارەی تووشبووانیش لە هەفتەیەکدا لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات".
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆکە، لە سەرەتای هەفتەوە بەردەوام پشکنینی ورد تا کۆتایی هەفتە بۆ خوێندکاران دەکرێت، ئەوەش لەڕێگەی ئەو کلینیکانەی لەناو بەشە ناوخۆییەکان دانراون و لەلایەن خوێندکارانی قۆناخەکانی 5 و 6ی کۆلێژی پزیشکی و لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی پزیشکەکانەوە بەڕێوەدەبرێن و "رۆژانە چاودێریی دۆخی تەندروستیی خوێندکارانمان دەکەین، هەر خوێندکارێک گومانی تووشبوون بە کۆرۆنای لێبکرێت، دەینێرین بۆ پشکنین و لە ئەگەری تووشبوونی هەر خوێندکارێکیش تەواوی ئەو پۆلە دەنێردرێنە ماڵەوە".
بە گوتەی د. وەلی مەحموود، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا تەنیا یەک کچە خوێندکار تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و خۆی و هەموو هاوپۆلەکانیشی نێردراونەتەوە ماڵەوە، "ئێستاش لە دۆخێکی زۆر ئاساییداین و هیچ مەترسییەکی جیددیی کۆرۆنایان لەسەر نییە".
سەرۆکی زانکۆی کۆیە باس لەوە دەکات، لە هەر هۆڵێکی خوێندن نزیکەی 40 خوێندکار هەن بە جێبەجێکردنی رێنماییە خۆپارێزییەکانەوە، راشیگەیاند "ئەگەرچی سەد لە سەد خوێندکارەکان پابەندنابن، بەڵام ئێمە بەردەوام رێنماییان دەکەین و داوایان لێدەکەین کە خۆیان بپارێزن".
د. وەلی پێیوایە، ئێستا دۆخەکە گونجاوە بۆ خوێندنی ناو پۆل و هەرکاتێکیش زانرا مەترسیی جیددی لەسەر خوێندکارانە، ئەوە دەستدەکەنەوە بە خوێندنی ئۆنلاین.
rudaw -
