ئەرکی پاراستنی پاپا، جگە لە گاردی سویسری، بە تۆکمەترین هێزی عێراق سپێردراوە

ئەرکی پاراستنی پاپا، جگە لە گاردی سویسری، بە تۆکمەترین هێزی عێراق سپێردراوە
بەغدا لە پێشوازیی پاپادا، تەژی وێنەی رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان و مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بووە. هێزە ئەمنییەکان خراونەتە ئامادەباشیی تەواو. جگە لە گاردی سویسری، کە هێزی پاسەوانی تایبەتیی پاپا و ڤاتیکانن، ئەرکی پاراستنی پاپا لە عێراق بە هێزی ئاڵتوونی سپێدراوە کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە راهێنانیان پێ کراوە و پڕچەکترین و تۆکمەترین هێزەکانی عێراقن.

کەنیسەی سەیدە نەجات، یەکێک لەو شوێنانەی پاپا سەردانی دەکات، بە ھێزی تایبەتیی ئەنجوومەنی وەزیران تەنراوە، ئەو کەنیسەیەی لە 2010 کەوتە بەر ھێرشی چەکدارانی قاعیدە و بەجارێک 58 کەسیان کوشت و زیاتر لە 100یان بریندارکرد. لەوێ کەسایەتی و پیاوانی ئایینی، پاپا دەبینن و دەیانەوێت ھەرچی بەسەریان ھاتووە بیخەنە بەردەمی، ھیوا و ئومێدیان کەمکردنەوەی ئەو ئازارانەیە کە ساڵانێکە بەرۆکی کریستیانەکانی گرتووە.

مارتن بەنی، قەشەی کەنیسەی مریەم عەزرا دەڵێت "ئەو باوکی روحیی ئێمەیە. جیھان بە پیرۆز پاپای ڤاتیکان دەبینێت، بۆیە بە دڵنیاییەوە ھاوکاریی کریستیانەکان دەکات، نوێژیان لەگەڵ دەکات، دەیەوێت ھەست بە ئازارەکانیان بکات و نزیکبێت لێمانەوە، بە دڵنیاییەوە داری جادویی پێ نییە کێشەکانمان بە جارێک چارەسەر بکات، بەڵام ئەوە بۆ ئێمە بەسە کە نزیک دەبێتەوە لێمان، لە نوێژەکانمان نزیکە، بە ھزر لێمان نزیکە، ئەمڕۆ زۆر گرنگە کە دێت لە وڵاتەکەمان ئامادە دەبێت، لەو وڵاتەی کە بەدەست کێشە و گرفتەکانی دەناڵێنین".

لە گەرمەی سەردانی دیارترین کەسایەتیی ئایینی ئێستای جیهان، عێراق لانکەی ئایینەکان و ناوەندی ناکۆکیی ئایینیی ناوچەکە، رۆژانێکی هەستیاری لەبەردەمە، رەنگە قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی تاوەکو رۆژی یەکشەممە، ئەرکی هێزە ئەمنییەکان ئاسانتر بکات و ئەو کەمە کریستیانەی لە عێراق ماون لە دیتنی پاپا و تۆمارکردنی بیرەوەرییەکی خۆش بێبەش نەکات".

ئاوارەیەک بەناوی ستاڤر سەدام دەڵێت "من پاپا دەناسم، ئەو سەیدمانە، داواکاریم ئەوەیە ئەو نەخۆشییە کۆتایی پێ بێت و قەدەخەی ھاتووچۆش ھەڵگرن، خەڵکیش بچێتەوە سەر کاری خۆی، ھەموو شتێک لە بەغدا وەکو خۆی لێبێتەوە وەکو چۆن پێشتر ھەبووە".

ھێشتا ھەزاران کریستیان ناچارن لە ئاوارەییدا بژین، کێشەیەک ھەرچی دەکەن چارەی نادۆزرێتەوە. خلود حەنا نموونەی ژنێکی کریستیانی بێ کەس و کار، بێ پارە و نان لە کەمپی زەیوونە، کە ئێستا بووەتە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون، جێگیر بووە، کریستیانەکان ئومێدی زۆریان لەسەر پاپا فرانسیس چاندووە تاوەکو چارەی دەردیان بکات، چونکە ئێستا رێگەی کۆچ و جێھێشتنی وڵاتیان خستووەتە پێشینەی ھەموو کارێکیان.

خلود حەنا دەڵێت "بارودۆخم زۆر ناخۆش و گرانە، ژوورەکەم وێران بووە و پارەم نییە کەسێک بھێنم و بۆم چاکبکاتەوە، داوای یارمەرتی دەکەم لە پاپا وەکو سەیدمان، نازانم باسی چیت بۆ بکەم، نەخۆشم و دۆخم خراپە، ھیچ کەسێکم نییە جگە لە خودا لە ئاسمان و پاپا لەسەر زەوی".

کریستیانەکانی عێراق تاوەکو ساڵی 2003 ژمارەیان زیاتر لە ملیۆنێک و 500 ھەزار کەس بوو؛ کۆچ، شەڕ و کوشتن و بڕین ژمارەکەی کەمکردەوە بۆ 250 ھەزار کریستیان، شەڕی داعشیش زیاتر لە 125 ھەزار کریستیانی ناچار بە جێھێشتنی زێدی خۆیان کردووە.
rudaw -
Top