شوان محەمەد: خیانهتكارانی 16ـی ئۆكتۆبهر بە هاوكاریی دوژمنانی كوردستان جینۆسایدی كوردیان كرد
شوان محەممەد، ئەندامی لیژنەی باڵای كۆمەڵەی داكۆكیكار لە ماف و قوربانیانی ئەنفال لە گەرمیان، ئەمڕۆ ِپێنجشەممە 4ی 3ی 2021، رایگەیاند: "بۆ یەكەمجار و لەسەر دەستی تاقمێكی كورد بە هاوكاریی دوژمنانی كوردستان، لە 16ی ئۆكۆتۆبەری 2017ـدا لە ناوچە كوردستانییەكاندا جینۆسایدێكی گەورە بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجام درا“.
دووپاتیشی كردهوه، كه تاقمی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەر، چاویان بەرایی نەدا كه سەركەوتن و یەكدەنگیی كورد بەدەنگدانی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ببینن، بۆیە "خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان ئەنجام دا".
ئەو ئەندامەی لێژنەی باڵای كۆمەڵەی داكۆكی لە ماف و قوربانیانی ئەنفال، راشیگەیاند: "هاوشێوەی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال، كە بووە هۆی كۆمەڵكوژیی خەڵكی كوردستان و كۆچی بەكۆمەڵ، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـشدا كۆچی بەكۆمەڵی هاووڵاتیانی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكان، بە تایبەت لە سنووری كەركووك و خورماتوو دەستی پێكرد و دەیان هاووڵاتیی سڤیلی كورد شەهید كران".
خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لە لایەن تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەر كە سەردەكەیان لاهوور جەنگییە، ئەنجام درا و بەهۆیەوە زیاتر لە نیوەی خاكی باشووری كوردستان رادەستی میلیشیاكانی عێراق كرا. هەروەها لە ئەنجامی ئەو خیانەتە، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند كە دەستدرێژی كراوەتە سەر چەندان ژنی پاكیزەی كورد لە خورماتوو و دەیان كەسیش شەهید و بریندار بوون و سەدان هەزار كوردیش لە كەركووك ئاوارە بوون. هەر لە ئەنجامی ئەم خیانەتە پرۆسەی تەعریب بە شێوەیەكی چڕتر لە جاران، دەستی پێكردەوە.
باسنیوز
