تەندروستیی هەولێر: ئەمڕۆ کوتان بە پێکوتەی کۆرۆنا دەست پێدەکات

تەندروستیی هەولێر: ئەمڕۆ کوتان بە پێکوتەی کۆرۆنا دەست پێدەکات


گوتەبێژى تەندروستیی هەولێر ڕای گەیاند لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ کوتانی پێکوتەی کۆرۆنا سەرجەم ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە کوتان دەست پێدەکات.

د. بژار مووسا گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى تەندروستیى هەولێر ڕاگەیاند: "بۆ پێدانى پێکوتەی کۆرۆنا سەرجەم ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/3/2021 لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دەست بە پێدانى ڤاکسینەکە بکرێت، سەرەتاش ڤاکسینەکە لەو توێژانە دەدرێت کە بەپێى کارەکانیان ئەولەویەتیان پێ دراوە".

ڕاشی گەیاند: "ئەو کەسانەى بەپێى تایبەتمەندیى کارەکانیان سەرەتا پێکوتەکەیان لێ دەدرێت، بریتین لە پزیشک و کارمەندانى وەزارەتی تەندروستى، هێزەکانى پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان".

د. بژار مووسا ئاماژەى بەوەش کرد: "دواى گەیشتنى وەجبەیەک پێکوتەی کۆرۆنا لە وڵاتى چینەوە بۆ هەرێمى کوردستان، ئێمە ئامادەکاریى تەواومان کردبوو بۆ پێدانى ڤاکسینەکە، بۆ ئەم مەبەستەش سێ سەنتەر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئامادە کراون، لە شاری هەولێر نەخۆشخانەى رزگارى و دوو سەنتەریش لە کۆیە و سۆران بۆ پێدانی پێکوتەکە تەرخان کراون".










باسنيوز
Top