کۆمەڵگەی پەروێزخان: رێکارەکانی هاتووچۆ لەدەروازەکەوە گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە

کۆمەڵگەی پەروێزخان: رێکارەکانی هاتووچۆ لەدەروازەکەوە گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە
سەرپەرشتياری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان رایگەیاند، لە دەروازەی پەروێزخانەوە گۆڕانکاریی بەسەر هاتووچۆی بازرگانیدا نەهاتووە و هاتووچۆی گەشتیاری راگیراوە.

عەلی تۆفيق، سەرپەرشتياری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان راگەیاند، "داوا دەکەین ئەمساڵ پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی پەروێزخان - کەلار جێبەجێ بکرێت، کە شادەماری جووڵەی بازرگانییە".

سەبارەت بەو پرۆژەیە، عەلی تۆفيق ئاماژە بەوە دەکات "وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی قسەی کردووە. ئومێد دەکرێت ئەمساڵ جێبەجێ بکرێت. ئەگەر قەیرانی دیکە رووبەڕوومان نەبێتەوە".

ئەو بەرپرسەی دەروازەی پەروێزخان باسی لەوە کرد "دووسایدکردنی رێگەی پەروێزخان - کەلار جووڵەی بازرگانی خێراتر دەکات. وادەکات هاتووچۆ ئاسان بێت، ئەمەش راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی جووڵەی بازرگانیدایە".

راگرتنی هاتووچۆ لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان لەکاتێکدایە، شەممە 20-02-2021 ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە عێراق، بڕیاریانداوە هاتووچۆی هەموو دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە بەڕووی گەشتیاران دابخەن. پاشانیش ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە دەروازەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەرانیشی بەڕووی گەشتیاران داخست.

لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی ئەو قەدەخەی هاتووچۆیە، سەرپەرشتياری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان ئاماژەی بەوە دا، چاوەڕوانی بڕیاری سەرووی خۆیان دەکەن و گوتیشی "پێشتر بەهۆی کۆرۆناوە ئێمە دەروازەکانمان بەڕووی ئێران دادەخست، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوەیە و ئێران بەهۆی کۆرۆنای گۆڕاوەوە دەستپێشخەر بوو و دەروازەکانی بەڕووی گەشیاران داخست".
rudaw-
Top