وەزارەتی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستان: لەمەودوا پشت بە بەرهەمی نێوخۆیی ببەسترێت

وەزارەتی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستان: لەمەودوا پشت بە بەرهەمی نێوخۆیی ببەسترێت
شاندێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و کێشەکانی نێوانیان لە بەغدان، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازیی عێراق جەخت لەسەر پەرەپێدانی پیشەسازی و نەھێشتنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کرایەوە و بڕیاردرا لەمەودوا پشت بە بەرھەمی نێوخۆیی ببەسترێت.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند "باسمان لە ھەموو بابەتەکانی پەیوەست بە ھەردوو وەزارەت کرد وەکو ھاوکاریکردنی کارگەکان و ھەماھەنگی بۆ دامەزراندنی کارگە و پەرەپێدانی بەرھەمی نێوخۆیی عێراق، بۆئەوەی کێبڕکێی بەرھەمەکانی دەرەوە بکات".

مورتەزا سافی، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد "پەرە بە یارمەتییەکانی بابەتە پیشەسازییەکان دەدرێت و کەرتی تایبەتیش بەشدار دەبێت لە ھەموو کارەکانی کە خزمەت بە پیشەسازیی نیشتمانی دەکات، رێککەوتن و ھەمەھەنگی بە یارمەتیی کەرتی تایبەت دەبێت، پیشەسازی لە ھەرێم و ناوەند یەک پیشەسازی دەبێت لەژێر دروشمی دروستکراوی عێراق".

کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بواری بازرگانی و پیشەسازی فرە جۆرن، بۆ چارەسەرکردنیان بڕیاری پێکھێنانی چەند لیژنەیەکی لاوەکی دران و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەو لیژنەیە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات.

رێگریکردنی بەشێک لە بەرھەمە خۆماڵییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق و کارنەکردن بە مۆڵەتی بازرگانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، دوو بابەتی گرنگی تەوەری کۆبوونەوەکانی شاندی وەزارەتی بازرگانی و پیشەزاریی ھەرێمی کوردستان بوو لە بەغدا.

لە وێستگەی دووەمی شاندەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق پرسی شایستە داراییەکانی جووتیاران و ئەو 23 ھەزار ناوەی لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو وەزارەتەوە لە پسوولەی خۆراک دەرھێندراون بە بیانووی ئەوەی عێراقی نین، تاوتوێ کران، وەزیری بازرگانیی عێراق بەڵێنی چارەسەرکردنیانی داوە.

عەلا جبووری، وەزیری بازرگانیی عێراق باسی لەوە کرد "لەسەر پرسی شایستە داراییەکانی جووتیاران قسەمان کرد و چۆنێتیی خەرجکردنی کە بۆ ھەموو پارێزگاکانی عێراق خەرج دەکرێت، ھەروەھا لەسەر مۆڵەتی بازرگانی قسەمان کرد بۆ یەکگرتنەوەی لەنێوان ناوەند و حکومەتی ھەرێم، چونکە ئەمە بابەتێکی حکومەتی فیدراڵییە و پێویستە یەکگرتوو بێت لەنێوان بازرگانان".

سەروەر کەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان دەڵێت "بەشی دووەمی ئامانجی سەردانەکە لە وەزارەتی بازرگانی بریتییە لە یەکلاکردنەوەی ئەو ناوانەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی لە پسوولەی خۆراک دەرھێندراون کە زیاتر لە 23 ھەزار ناون، لە سلێمانی 14 هەزار و 400، لە دھۆک حەوت ھەزار و لە ھەولێریش زیاتر لە دوو ھەزارە".

لە سەردانی ئەمجارەی، شاندی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوەکانیان ئەنجامدا، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت کێشەکانی لەڕێگەی یاسای پارێزگاریکردن لە بەرهەمی نێوخۆیی، کەمکردنەوەی گومرگ و پارێزگاری لە کارگەکان چارەسەر بکات.
rudaw -
Top