لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکدارێکی داعش دەستگیر دەکرێت
نەقیب رێژین ساڵح، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی راگەیاند، ئەو کەسە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، "تۆمەتباری ئاماژە بۆکراو لە ساڵی 2014 لە پارێزگای سەڵاحەددین لە قەزای بێجی پەیوەندیی کردووە و بەیعەتی بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام داوە، تاوەکو ساڵی 2015 لە عێراق لەگەڵیان ماوەتەوە، پاش تێکشکاندنی ریزەکانی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین دەچێتە سووریا و لەوێش بەردەوام دەبێت".
وەکو لە راگەیێندراوی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانیدا هاتووە، لە مانگی شوباتی 2021 ئەو چەکدارەی داعش دەگەڕێتەوە عێراق و دەچێتە پارێزگای هەولێر تاوەکو 26ی شوباتی 2021 لەوێ نیشتەجێ دەبێت، پاشان دەچێتە سنووری پارێزگای سلێمانی و لە 27ی شوبات لەلایەن هێزەکانیانەوە لە سنوورەکەیان دەستگیر دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، تۆمەتبارەکە لە نەتەوەی عەرەبە و سەر بە عەشیرەتی "الدلیمی"ە، خێزاندارە و لە بنەچەدا خەڵکی پارێزگای سەڵاحەددینە.
لەلایەن دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی 2ی تیرۆر ئەو تۆمەتبارە راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
rudaw -
