دوای بڕیاری داخستنی سینەماکان، فیلمی 09 پەخشدەکرێت؟
سۆران نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی فیلمی 09 راگەیاند: "بڕیاری داخستنی سینەماکان شۆکی کردین، چونکە چەند رۆژێک پێش ئێستا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی فیلمەکە قسەمانکردووە و هیچ باسێکی داخستنی سینەما نەکراوە".
لەبارەی پەیڕەوکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، سۆران نەقشبەندی دەڵێت: "ئێمە رێز لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەگرین و ئەگەر توانیمان رەزامەندیی بڵاوکردنەوەی فیلمەکە وەربگرین، ئەوا ژمارەی کورسییەکان بۆ نیو هێندە کەمدەکەینەوە و دووری نێوان ئامادەبووان دەپارێزین".
سۆران نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشکرد پەیوەندییان بە ئیدارە خۆجێییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان کردووە و ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە هەوڵی ئەوە بدەن فیلمەکە پەخشبکرێت و دەیانەوێت دواتر قسە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و دهۆکیش بکەن.
لە پەڕەی فەرمیی فەیسبووکی فیلمەکە ئاماژە بەوەدراوە کە پەخشی فیلمەکە لە شارەکانی سلێمانی، کەرکووک، هەڵەبجە و گەرمیان بەردەوام دەبێت، بەڵام لە شاری هەولێر و دهۆک فیلمەکە رادەگیرێت تاوەکو بەرواری 10ـی ئادار و بڕیاری نوێی وەزارەتی تەندروستی.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی فیلمەکە لەبارەی ژمارەی ئەو بلیتانەی فرۆشراون گوتی: "تاوەکو ئێستا نازانین چەند بلیت فرۆشراوە، بەڵام هیوادارین فیلمەکە پەخشبکرێت و ئەوانەیشی چاوەڕێی پەخشی فیلمەکەن بتوانن سەیری بکەن."
09 فیلمێکی کوردییە لە دەرهێنانی بەختیار فەتاح کە ژانری فیلمەکە "ترسناکی تاوانبارانەیە". شوان عەتوف، ماهیر حەسەن، سیروان جەمال و ژاڵە رەسووڵ لە ئەکتەرە دیارەکانی فیلمەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێکارە نوێیەکانی بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا راگەیاند و تێیدا هاتووە، هۆڵی سینەماکان لە گشت مۆڵ و بازاڕەکان دادەخرێن بە بەردەوامی لە تەواوی شار و شارۆچکەکان.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە لە خاڵی شەشەمدا هاتووە، هۆڵهكانی سینەما لەگشت مۆڵ و بازاڕەکان بەتەواوی دادەخرێن. بەڵام تاوەکو ئێستا ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە هیچ روونکردنەوەیەکیان لەو بارەوە بڵاونەکردووەتەوە.
rudaw -
