کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆتاییهات
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا فراکسیۆنە کوردستانییەکانیان یەکدەنگ بوون و جەختیان لەوەکردەوە، کە پشتیوانیی لەو دەقە دەکەن، کە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا رەوانە کراوە، هاوکات بەهەمان شێوە سوننەکانیش پشتیوانیان لەو دەقەی حکومەت کرد، ئەوەی تایبەت بێت بە لایەنە شیعەکانەوە هیچ هەڵوێستێکی نوێیان نەبوو، هیچ دەقێکی نوێیان پێشکێش نەکرد، بەگشتیش کەشەکە ئەرێنی بوو.
بەهۆی لەدەستدانی دوو ئەندامیەوە، ئێستا دادگای فیدراڵی پەکی کەوتووە، لەکاتێکدا پێویستە دادگاکە کاتی هەڵبژاردن پەسندبکات، کە بڕیارە 10/10/2021 بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ هەموارکردنی یاسای دادگای فیدراڵی کردووە، تەنیا دەنگدانی ماوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنەکان لەسەری ناکۆکن، بۆیە دەنگدان لەسەر یاساکە پەکی کەوتووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەکەوەدا باس لە یاسای دادگای فیدراڵی کرا، کە ئایا یاساکە هەموارکراوە تێپەڕێت، یاخود یاسایەکی نوێی بۆ دەربکرێت. "ئێمە جەختمان لەوەکردەوە، تێپەڕاندنی هەموارکردنە، یاخود دانانی یاسایەکی نوێ بۆ دادگای فیدراڵی دەبێت بە دەنگی دوو لەسەر سێ بێت، چونکە ئەوە زەمانەتە بۆ هەرێمی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڤیان سەبری رایگەیاند: سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لەسەر شێوازی تێپەڕاندنی هەموارکردنەکە هاودەنگ و یەکهەڵوێست بوون، بەڵام لایەنە شیعەکان لەگەڵ ئەوە بوون، ئەگەر یاسا هەموارکراوە بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران تێنەپەڕی ئەوا بە زۆرینەی دەنگ یاساکە تێپەڕێت، یاخود دانانی یاسایەکی نوێ بۆ دادگای فیدراڵی بە زۆرینە بێت، کە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان ئەوەیان رەتکردەوە.
هەروەها د. ڤیان سەبری گوتی، پێشتر لە 2017دا لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەموارکردن یاخود داڕشتنی یاسایەکی نوێی نووسراوی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی کردووە و دادگاش جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەموارکردنی یاساکە یاخود دەرکردنی یاسایەکی نوێی دەبێت بە دەنگی دوو لەسەر سێ بێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەشی بەوە کرد: "لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک پرۆژەیاسا تاوتوێکران، کە پێویستە لە پەرلەمان تێپەڕێت، لەوانە یاسای ئازادیی رادەبڕین و خۆپێشاندان، تاوانی زانیارییەکان و کۆمەڵێک پرۆژە یاسای دیکە. بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممە سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆببنەوە".
rudaw -
