هەدەپە: تاکە رێگەی چارەسەری قەیرانی تورکیا دانوستاندنەکانی دۆڵمەباخچەیە
لە راگەیێندراوەکەی هەدەپەدا هاتووە "دانوستاندنەکانی دۆڵمەباخچە وەکو یەکێک لە گرنگترین هەنگاو چوونە مێژووەوە. ئەو هەنگاوە لەپێناو بەدیهێنانی خەونی دیموکراسی، ئاشتی و ئازادی بۆ کۆمەڵگەی تورکیا بوو؛ هەروەها لەپێناو زەمینەسازی بوو تاوەکو بە هیواوە سەیری داهاتوو بکرێت. دۆڵمەباخچە ئاشتەوایی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی برایەتی بوو".
هەدەپە رەتیدەکاتەوە، دۆڵمەباخچە دانوستاندنی نێوان ئاکپارتی و هەدەپە یان عەبدوڵا ئۆجەلان و ئاکپارتی بووبێت و ئاماژە بەوە دەکات "ئەوە دانوستاندنێک بوو لەنێوان شاندی حکومەت و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەناوی تەواوی چین و توێژەکانی کوردەوە. هەرچەندە ئامانجی لەپێشینەی دانوستاندنەکان چارەسەری کێشەی کورد بوو کە بووەتە کێشەی بنەڕەتیی تورکیا، دۆڵمەباخچە دەرفەتێکی زۆر گەورەیە بۆ بەدیموکراسیکردنی تورکیا. بەڵام یەکێک لە لایەنەکانی پرسەکە کە ئاکەپەیە، لەپێناو بەرژەوەندیی دەسەڵاتێکی بچووک، نکۆڵی لە بەردەوامیدان بە دۆڵمەباخچە کرد و داهاتووی دیموکراسیی تورکیای کردە ئامانج".
هەدەپە رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا گرتووە و باسی لەوە کردووە "قەیرانی ئابووری قووڵتر بووەتەوە. تورکیا لە سووریا، لیبیا و عێراقدا خزێنراوەتە نێو زۆنگاوەوە. لە نێوخۆشدا مافی هەڵبژاردنی خەڵک خراوەتە بەردەم هێرشی تووندەوە. کاری سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن نزیکە لەوەی قەدەخە بکرێت".
هاوکات لە راگەیێندراوەکەیدا، پارتی دیموکراتی گەلان رەخنەی تووندی لە ئاکپارتی گرتووە بەوەی رەچاوی بارستایی و دەنگ ناکات، لەوبارەیەوە دەڵێت "دەسەڵات بەهۆی ئەوەی چاوی لە دەستی تێگەیشتنێکی کودەچیانەیە، بووەتە دیل، بەجۆرێک پارتێکی خاوەن 0.23%ی دەنگ بەڕوونی رایگەیاندووە کە وڵات بەڕێوەدەبات. هاوکات هاوبەشە بچووکەکانی پارتی دەسەڵات باس لە داخستنی پارتەکەمان دەکەن کە سێیەم گەورە پارتی تورکیایە".
ئێستا لە تورکیادا باس و خواسی داخستنی هەدەپە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە گەرمە، بەتایبەتی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە و پارتی وەتەن گوشاری زۆر لە ئاکپارتی دەکەن و داوای داخستنی هەدەپە دەکەن.
دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی پارتی وەتەن کە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2018دا تەنیا 0.23%ی دەنگەکانی هێنا، تاوەکو ئێستا چوار جار داواکاریی داخستنی هەدەپەی بەرزکردووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو فراکسیۆنی ئاکپارتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر داواکارییەکە بگاتە پەرلەمان هەنگاوی پێویست دەنێن.
هەڵوێستەکەی ئاکپارتی، هەدەپەی نیگەران کردووە، بەوەی پارتی وەتەن کە خاوەن 117 هەزار و 713 دەنگە، باس لە داخستنی سێیەم گەورە پارتی تورکیا بکات کە هەدەپەیە و خاوەنی پێنج ملیۆن و 866 هەزار و 309 دەنگە.
rudaw -
