لە ئامێدی 288 کەس بەهۆی دروستکردنی رێگەیەک زەرەرمەند بوون و حەوت ساڵە چاوەڕێی قەرەبوون

لە ئامێدی 288 کەس بەهۆی دروستکردنی رێگەیەک زەرەرمەند بوون و حەوت ساڵە چاوەڕێی قەرەبوون
حەوت ساڵە 91 خێزان لە چاوەڕوانیی قەرەبووکردنەوەدان و 288 کەس بەهۆی دروستکردنی رێگەیەک لە ئامێدی زەرەرمەند بوون، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان.

هاونیشتمانییەک بەناوی عادل ئیبراهیم دەڵێت "نزیکەی 1500 مەتر زەویم کەوتووەتە بەر پرۆژەکە و 93 ملیۆن دینار وەکو قەرەبووی زەوییەکەمان دیاریکراوە، بەڵام وەرمان نەگرتووە، 70 ملیۆن دینارم لە ئاوەدانکردنەوەی شوێنی کارکردنەکەمدا خەرجکردووە و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە پارەی قەرەبوومان پێنەدرێت و یەکلاکردنەوەی زەوی نەگەیشتووەتە ئامێدی و لە 12%ی قەرەبووکردنەوەی زەوییەکانمان بۆ دیاریکراوە، بڕیاربوو لەگەڵ تەواوبوونی پرۆژەکەدا قەرەبوو بکرێینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا قەرەبوو نەکراوینەتەوە و لە ساڵی 1957ـەوە یەکلاکردنەوەی زەوی لە ئامێدی راوەستاوە".

ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی قەزای ئامێدی دەڵێت "خاوەن زەوییەکان رێگر نەبوون لە دروستکردنی پرۆژەکە و هەر زەوییەک یەکلاکردنەوەی بۆ نەکرابێت قەرەبووکردنەوە نایگرێتەوە. چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری دروستکراون، بەڵام هاونیشتمانیان قەرەبوو نەکراونەتەوە و نزیکەی 15 ملیار دینار پێویستە بۆ قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانیان".

بەرنامەی ئەمشەوی بەرپرسیار تایبەت کرا بەو پرسە، بە ئامادەبوونی بەرپرسان و نوێنەری ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە.
rudaw -
Top