لە ئامێدی 288 کەس بەهۆی دروستکردنی رێگەیەک زەرەرمەند بوون و حەوت ساڵە چاوەڕێی قەرەبوون
هاونیشتمانییەک بەناوی عادل ئیبراهیم دەڵێت "نزیکەی 1500 مەتر زەویم کەوتووەتە بەر پرۆژەکە و 93 ملیۆن دینار وەکو قەرەبووی زەوییەکەمان دیاریکراوە، بەڵام وەرمان نەگرتووە، 70 ملیۆن دینارم لە ئاوەدانکردنەوەی شوێنی کارکردنەکەمدا خەرجکردووە و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە پارەی قەرەبوومان پێنەدرێت و یەکلاکردنەوەی زەوی نەگەیشتووەتە ئامێدی و لە 12%ی قەرەبووکردنەوەی زەوییەکانمان بۆ دیاریکراوە، بڕیاربوو لەگەڵ تەواوبوونی پرۆژەکەدا قەرەبوو بکرێینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا قەرەبوو نەکراوینەتەوە و لە ساڵی 1957ـەوە یەکلاکردنەوەی زەوی لە ئامێدی راوەستاوە".
ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی قەزای ئامێدی دەڵێت "خاوەن زەوییەکان رێگر نەبوون لە دروستکردنی پرۆژەکە و هەر زەوییەک یەکلاکردنەوەی بۆ نەکرابێت قەرەبووکردنەوە نایگرێتەوە. چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری دروستکراون، بەڵام هاونیشتمانیان قەرەبوو نەکراونەتەوە و نزیکەی 15 ملیار دینار پێویستە بۆ قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانیان".
بەرنامەی ئەمشەوی بەرپرسیار تایبەت کرا بەو پرسە، بە ئامادەبوونی بەرپرسان و نوێنەری ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە.
rudaw -
