وەزیری خوێندنی باڵا کۆلێژی زانستە سرووشتییەکانی لە چوارتا کردەوە
ئارام محەممەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند "كردنەوەی كۆلێژی زانستە سرووشتییەكان ئەگەرچی دڵۆپێكە لە بەرامبەر دەریای شۆڕشگێڕی و قوربانیدانی خەڵكی ناوچەكە بە درێژایی مێژووی گەلەکەمان، ھاوکات بەشدارییەكی گرنگیش دەكات لە پێگەیاندنی كادیری بەتوانا و ئەکادیمی لە بواری زانستە سرووشتییەکاندا و دەبێتە دەستپێک و دەروازەیەکی گرنگیش بۆ ئاوڕدانەوە لە سرووشتی دەوڵەمەندی ناوچەکە کە پڕە لە کانزای جۆراوجۆر و سامانی سرووشتی".
وەزیری خوێندنی باڵا دووپاتیکردەوە، بڕیارى كردنەوەی ئەو كۆلێژە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی زانستی و دڵنیایی جۆری بووە لەلایەن ئەنجوومەنی زانكۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا.
لە رێوڕەسمەکەدا د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی گوتەیەكی پێشكێش كرد و رایگەیاند "ئەم هەنگاوەی خوێندنى باڵاى کوردستان و زانكۆی سلێمانی بەرز دەنرخێنین و هەنگاوێكی گرنگە بۆ بووژاندنەوە و گرنگیدان بە شارباژێڕ، هیوادارین ئەم كۆلێژە تەواوكەری ئەو خواست و ئامانجانە بێت كە زانكۆكەی لەپێناودا دامەزراوە".
هەر لەوبارەیەوە د. رەزا حەسەن، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند "كردنەوەی ئەم كۆلێژە گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە ناوچەی شارباژێڕ یەكێكە لە ناوچە گرنگەكان لەڕووی سەرچاوە و سامانی سرووشتی و كشتوكاڵەوە، بۆیە پێگەیاندنی كادری ئەكادیمی و زانستی لەم ناوچەیە خزمەت بە داهاتووی وڵاتەكەمان دەكات".
rudaw -
