ژمارەی مردن بەهۆی کۆرۆناوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 60 هەزار کەسی تێپەڕاند

ژمارەی مردن بەهۆی کۆرۆناوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 60 هەزار کەسی تێپەڕاند
ژمارەی مردووان بەهۆی کۆرۆناوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 60 هەزار کەسی تێپەڕاند و بەرپرسانی وڵاتەکەش لە کەمیی پابەندیی هاووڵاتییان بە رێنماییە تەندروستییەکان نیگەرانن.

سیما سادات لاری، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند "لە 24 کاژێری رابردوودا 93 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە، بەو جۆرەش ژمارەی گشتیی مردووان بەهۆی نەخۆشییەکەوە گەیشتە 60 هەزار و 73 کەس".

وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 631 هەزار و 169 تووشبووی کۆرۆنا لە سەرانسەری ئەو وڵاتە تۆمارکراون، بەڵام ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتەکە دەڵێن، دەکرێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتربێت کە بە فەرمی رادەگەیێندرێت.

بەرپرسانی باڵای ئێران لە کەمیی پابەندیی هاووڵاتییان بە رێنماییە خۆپارێزییەکان نیگەرانن و دەڵێن، دەکرێت شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆنا وڵات بگرێتەوە.

حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاند، دەکرێت سنووردارییەکان بۆ ماوەی چەندین مانگی دیکە بەردەوام بن و داوای لە هاووڵاتییان کرد لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژەکانی پشوو و ئاهەنگەکاندا زیاتر پابەندی رێنماییەکان بن.

عەلی رەزا رەئیسی، گوتەبێژی تیمی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش لە ئێران رایگەیاندووە، حکومەتی وڵاتەکەی لەبارەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا [کۆرۆنای گۆڕاو] زۆر نیگەرانە کە "هەر ئێستاش لە وڵاتدا بڵاوبووەتەوە".

رەئیسی ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا 112 تووشبووی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە تۆمارکراون و هەشت کەس لەوانەش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە یەکێک لەو پارێزگایانەی جۆرە گۆڕاوەکەی ڤایرۆسەکەی تێدا تۆمارکراوە تارانە.

نیگەرانییەکە لەکاتێكدایە، ماوەی چەند رۆژێکە، رۆژانە نزیکەی هەشت هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆماردەکرێن.

رۆژی 9ی شوبات، حکومەتی ئێران دەستی بە هەڵمەتێکی لێدانی ڤاکسین کرد، ئەوەش بە بەکارهێنانی ڤاکسینی سپوتنیک ڤی رووسی. کارمەندانی تەندروستی، کەسانی نەخۆش و بەتەمەن لەوانەن کە زیاتر کوتراون و بڕیاروایە بکوترێن.

کیانووش جەهانپوور، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا 110 هەزار ژەمە ڤاکسین دابەشکراون، بەڵام ئەو ژمارە لە هاووڵاتییانی ئاشکرانەکرد کە تاوەکو ئێستا ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

جەهانپوور گوتی، ئێران دوو ملیۆن ژەم ڤاکسینی سپوتنیکی ڤی کڕیوو، رۆژی 2ی ئاداریش پێدانی ژەمی دووەمی ڤاکسینەکە دەستپێدەکات.

رۆژی یەکشەممە، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، 250 هەزار ژەم لە ڤاکسینی سینۆفارمی چینی رادەستی ئێران کراون و وەزیری تەندروستیی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات، تاران 4.2 ملیۆن ژەم لە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا وەردەگرێت کە لەڕێگەی کۆڤاکسەوە کڕدراون.
rudaw -
Top