هۆكاری بێدەنگیی كەمپینچییەكان لەبارەی دۆسیەی هێرشكردنە سەر غالب محەمەد ئاشكرا كرا

هۆكاری بێدەنگیی كەمپینچییەكان لەبارەی دۆسیەی هێرشكردنە سەر غالب محەمەد ئاشكرا كرا
ئەو كەسانەی كەمپینیان بۆ چەندان ڕووداوی ناوچەكانی سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك كردووە، لە ئاست دەنگۆی بەرچەقۆدانی ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق بێدەنگن.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر، غالب محەمەد، ئەندامی هاوپەیمانیی هیوای كورد (ناسراو بە هاوپەیمانیی هیوای جاشەكان) لە شاری سلێمانی رای گەیاند كە لە لایەن كەسێكەوە پێنج چەقۆ لە سەری دراوە و كەمێك بریندار بووە كە ناچاربوە برینپێچێكی لێ لوول بدات. بەڵام هیچ یەكێك لەوانەی كەمپینیان بۆ هەموو ڕووداوێكی هەولێر و دهۆك و دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یان پارتی دەكرد، دژی ئەم هێرشە نەهاتنە دەنگ، بگرە ڕێكخراوێكی وەك سەنتەری میترۆ راگەیاندراوێكی بە زمانی عەرەبی بڵاو كردەوە بەڵام بە زمانی كوردی هیچی بڵاو نەكردەوە.

لەبارەیەوە ئومێد عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی ڕایگەیاند: ”چالاكوانان پیشەییانە کار ناکەن، کارەکانیان جیاوازیی زۆری پێوە دیارە، لە کاتێکدا کاری سەرەکیی چالاکوانان ئەوەیە بەبێ جیاوازی دەنگی ناڕەزایەتی بۆ ھەموو هاووڵاتیەك بەرز بکەنەوە، بەداخەوە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دکتۆر غالب، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بەر چەقۆ درا، نەمانبینی ھیچ چالاكوانێك کەمپینێکی ناڕەزایەتی بۆ ئەو ھێرش و پەلاماردانە ڕێک بخات“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ”چالاکوانانەکانی زۆنی سەوز ناوچەگەرێتییەكی زۆر دەکەن، بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک لە ھەولێر تووشی کێشەیەکی یاسایی بێت، لە سلێمانی بەردەوام کەمپینی بۆ ڕێک دەخەن، بەڵام ئەگەر کەسێک لە شاری سلێمانی بکوژرێت، چالاکوانەکان بێدەنگ دەبن و ھیچ قسەیەک ناکەن“.

بە بڕوای ئومێد عەبدوڵا، ”چالاکوانی مەدەنیی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە كە بەبێ جیاوازیی بیروڕای سیاسی، پاڵپشتی لە ھەموو چین و توێژەکان بکات، بەڵام چالاکوانەکانی شاری سلێمانی بە جۆرێک کار دەکەن كە ھەست دەکەین، حزبێك دەیانجووڵێنێت و لە بەرژەوەندیی حزبێك کار دەکەن“.

چاودێران و زۆر لەوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەم بابەتەیان باس كردوە، پێیانوایە جگە لەو ئەگەرەی كە زۆرینەی هەرەزۆری ئەو كەمپینانەی دەكرێن، بە ئاراستەیەكی سیاسی و بۆ بەرژەوەندیی دەستە و تاقمێكی سیاسی دەكرێت، دوو ئەگەری دیكەی سەرەكی هەن بۆ بێدەنگیی كەمپینچییەكان لە ڕووداوی هێرشكردنە سەر غالب محەمەد، یەكەمیان ئەوەیە كەمپینچییەكان ئەم ڕووداوە بە سیناریۆ دەزانن، یانیش پێیانوایە كە لە لایەن تاقمەكەی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە هێرشی كراوەتە سەر كە هەر ئەو تاقمە دەستیان بەسەر شاری سلێمانیدا گرتوە.












باسنیوز


Top