پەرلەمانتارێکی HDP بەهۆی نووسینی بابەتێک لەسەر دەمیرتاش پارێزبەندیی لەسەر هەڵدەگیرێت
گارۆ پایلان پەرلەمانتاری HDP لەسەر بازنەی ئامەد، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) ئاشكرای كردووە، بەهۆی ئەوەی لە وتارێكدا لە ٢٠١٩ و بەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، گوتوویەتی لەپێناو خۆشەویستی بۆ (دەمیرتاش و یوكسەداغ و لەیلا گوڤەن) با بچنە سەر سندوقی دەنگدان، ئەمە لەلایەن دادگاوە وەكوو تاوان لێك دراوەتەوە.
ئەم گوتەیەی پایلان، لە لایەن داواكاری گشتییەوە، وەكوو پروپاگەندە بۆ دەمیرتاش و یوكسەكداغ و گوڤەن لێك دراوەتەوە و دەڵێن. پشتگیریی لە تیرۆر كردووە.
ئەمە بۆ یەكەمجارە لە مێژووی توركیادا، پەرلەمانتار بەهۆی ئەوەی بە رێز و خۆشەویستیی ناوی هاوسەرۆكانی خۆی ببات، داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری بکرێت، بۆیە پایلان دەڵێت، پێتان سەیر نەبێت، چونكە زوڵم تا سەر نابێت و نامێنێتەوە.
داواكاری گشتیی توركیا، داوانامەیەكی داوە بە پەرلەمانی توركیا، تا پارێزبەندی لەسەر ٢٨ پەرلەمانتاری HDP هەڵبگیرێت، چونكە تۆمەتی تیرۆریستبوونیان دراوەتە پاڵ. پێ دەچێت پەرلەمان هەڵگرتنی پارێزبەندی لەو پەرلەمانتارانە بخاتە دەنگدانەوە و لە دەنگدانیشدا پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت، ئەمەش وا دەكات پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.
پەرلەمانی توركیا، كە ٦٠٠ پەرلەمانتاری هەیە، بەهۆی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە دەیان پەرلەمانتاری HDP، لە هەڵوەشانەوە نزیك بووەتەوە.
بەگوێرەی دەستووری توركیا و لە مادەی ٧٨دا، بەڕوونی ئەوە ئاشكرا كراوە كە پەرلەمان لە كاتێكدا هەڵدەوەشێتەوە، ئەگەر ٥٪ی پەرلەمانتارەكان پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت.
ئەو ٥٪ دەكاتە ٣٠ كورسیی پەرلەمانی لە كۆی ٦٠٠ كورسی و ئێستاش ١٦ ئەندام پەرلەمانی HDP مافی پەرلەمانتارییان لێ سەندراوەتەوە و بەشێكیان لە زیندانن و بەشێكیش چوونەتە دەرەوەی توركیا.
ئەگەر بێت و لەو ٢٨ ئەندام پەرلەمانتارەی بڕیارە پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت، دوای سزادانیان بە زیاتر لە یەك ساڵ زیندان، ١٤یان لە ئەندام پەرلەمانی بكەون، ئەوكات دەبێت پەرلەمانی توركیا هەڵبوەشێتەوە و توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
باسنيوز
