هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق خراونەتە ئامادەباشییەوە
فەرماندە وەین مۆراتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی راگەیاند، "بۆ ماوەیەکی کاتی ئاستی هۆشیاریمان بەرزکردووەتەوە بۆ پارێزگاریکردن لەو هێزانەی لە ناوچەکەدا بڵاومانکردوونەتەوە."
مۆراتۆ ئاماژەی بەوە کرد، "هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پێشکێشکردنی پاڵپشتیی پێویست بە هاوبەشەکانمان بۆ ئەوەی دڵنیابین تێکشاندنی یەکجارەکیی داعش بەدەستدەهێنین."
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە بە فۆکس نیوزی ئەمریکیان گوتووە، بەڵێندەران لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد، ئەو شوێنەی هەفتەی رابردوو بە چەند مووشەکێک کرایە ئامانج، هۆشدارییان پێدراوە و بە وریاییەوە کاردەکەن.
هاوکات گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گوت، "بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ئامادەییەکی رۆتینییە و هاوپەیمانان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخە جیاوازەکان دەیگرنەبەر."
ئەو سەرچاوانەیشی کە ناویان ئاشکرا نەکراوە و بۆ فۆکس نیوز قسەیان کردووە، دەڵێن، "پارێزگاریکردن لە هێزی هاوپەیمانان کاری لەپێشینەیە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریش کارێکی ژیرانە و لەجێیە."
دوای ئەو رێکارە نوێیانە، لە بنکەی سەربازیی بەلەد لە کاژێر 6:30ـی ئێوارەوە تاوەکو کاژێر 05:00ـی بەیانیی رۆژی دواتر، تەنیا بۆ کارە زۆر پێویستەکان رێگە بە کارمەندان دەدرێت بچنە دەرەوە.
ئەم مانگە سێ هێرشی مووشەکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون، ئەوەی کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، هێرشە موشەکییەکانی سەر هەولێر بوون، بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بە 14 مووشەک چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان لە هەولێر و نزیک بنکەی سەربازیی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کردە ئامانج کە کوژرانی بەڵێندەرێکی سڤیل و هاووڵاتییەکی عێراق و برینداربوونی سەربازێکی ئەمریکی لێکەوتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر هێرشێک بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە چەکدارییەکان لە سووریا و لە نزیک سنووری عێراق دەربڕی و بە مووشەک لە 11 بنکەی ئەو گرووپانە درا کە بە گوتەی گوتەبێژی پێنتاگۆن، 9 یان بەتەواوی خاپوور کران.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەسەر هێرشەکان رایگەیاند، دڵنیاین لە پێکانی ئامانجەکەمان و دەزانین لەکوێمان داوە، جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆنیش رایگەیاند، زانیاریی هەواڵگرییان بۆ هێرشەکە لە هاوبەشە کورد و عێراقییەکانیان وەرگرتووە.
هەر لەبارەی ئەو شوێنانەی بۆردوومانکراون، لۆید ئۆستن ئاماژەی بەوە کرد، "دەزانین ئەو شوێنەمان پێکاوە کە لەلایەن هەمان گرووپی میلیشیای شیعەوە بەکارهاتوون کە هێرشە موشەکییەکەیان ئەنجامدا."
rudaw -
