مەسرور بارزانی: چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر هێرشەکەی هەولێر دەکەین
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس24 قسەی لەسەر لێکۆڵینەوەکان لە هێرشە مووشەکییەکەی 15ـی شوباتی ئەمساڵ بۆ سەر هەولێر و بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا کرد، ئاماژەی بەوە دا، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بەردەوامە و ئاماژەی باش هەن لەسەر ئەنجامدەری هێرشەکە، دەشڵێت، لە کاتی خۆیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە رادەگەیێنن.
رۆژی پێنجشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر هێرشێک بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە چەکدارییەکان لە سووریا و لە نزیک سنووری عێراق دەربڕی. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەسەر هێرشەکان رایگەیاند، "دڵنیاین لە پێکانی ئامانجەکەمان و دەزانین لە کوێمان داوە."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی زانیارییەکانی وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی، "باشتروایە چاوەڕێبکەین تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان تەواودەبن و هەموو ئەنجامدەران دەستگیردەکرێن، ئەوکاتە زانیاریمان دەبێت لەسەر ئەوەی چ گرووپێک دەستی لە پشت هێرشەکەوە بووە."
مەسرور بارزانی جەخت دەکاتەوە کە "هێرشەکە تیرۆرستی بوو و ئامانجیش لێی شێواندنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بوو."
چەند کاژێرێک دوای هێرشەکەی هەولێر چەند گرووپێک بەناوی سەرایا ئەلدەم بەرپرسیارییەتی هێرشە مووشەکییەکانی لە ئەستۆ گرت، کە دەگوترێت کەتیبەیەکی سەر بە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانە و بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی قاسم سولەیمانی دامەزرێندراوە. مەسرور بارزانی گوتی، ئەمریکا بە پشتبەستن بە بەڵگەی باوەڕپێکراو هێرشەکەی سووریای ئەنجامداوە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە پشت بەو راگەیێندراوانە نابەستن کە هێرشەکەی هەولێر لە ئەستۆدەگرن، دەڵێت "دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەین."
مەسرور بارزانی پاڵپشتی بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێک دەربڕی کە لە دژی هەوڵی شێواندنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە حەشی شەعبی و ئەو گرووپانەی سەر بە هێزە شیعییەکەن، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "ناتوانین راگەیێندراوێکی گشتی لەسەر حەشدی شەعبی بڵاوبکەینەوە، ئەم هێزە چەندین بەش لەخۆدەگرێت، بەڵام هیواخوازین حکومەتی عێراق و دامەزراوە یاساییەکانی حکومەتی عێراق بتوانن هەموو ئەمانە بخەنە ژێر سیستمی یاسایی خۆیان."
لەبارەی جمووجۆڵەکانی داعشیش، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "داعش هێشتا هەڕەشە سەرەکییەکەیە.... شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە، داعش هەر ماوەو سەرقاڵی خۆ یەکخستنەوەیە."
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە، مەسرور بارزانی ئەو هێرشانەی بە پێشێلکردنی خاکی هەرێمی کوردستان زانی، بەڵام سەرکۆنەی هەر بیانوویێکیشی کرد کە بە تورکیا بدرێت بۆ ئەوەی دەست لە کاروباری وڵات وەربدات. گوتی، "ئەوە کێشەی ئێمە نییە بەڵام بۆمان هێندراوە".
مەسرور بارزانی رایگەیاند، "هیوادارین پەکەکە بەوەبزانێت کە کردەوە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە خزمەت بە کەس ناکەن" دەڵێت "پەکەکە پاساو بە تورکیا دەدات دەست لە کاروباری وڵات وەربدات".
سەبارەت بە سەردانە "مێژووییەکەی" پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "تووندترین رێوشوێنمان بۆ پاراستنی سەردانە پیرۆزەکە گرتووەتەبەر."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە ئەو سەردانەی پاپای ڤاتیکان رەنگدانەوەی ئەو ئاشتەوایی و پێکەوەژیانەی نێوان پێکهاتە و بیروباوەڕە جیاوازەکانە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ بۆ پاراستنی دەدات.
rudaw -
