داوا لە هەسەدە کراوە ببێت بە فەیلەقی شەشی سوپای ڕژێمی سووریا
بهگوێرهى ئاژانسه ههواڵییهكانى ڕووسیا، لە چەند مانگی ڕابردوودا شاندێكى هێزهكانى سووریاى دیموكرات، (هەسەدە) بە سەرۆكایەتیی (ئیلهام ئەحمەد و محەممەد ئەلعەمر)، سهردانى دیمهشقى پایتهختى (سووریا)یان كردووه و لەوێ بهنێوهندگیریی ڕووسیا، هەسەدە و ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ڕێككەوتن نزیك بوونەتەوە، بە شێوەیەک
کە (هەسەدە) ببێت بە فەیلەقی شەشەمی ڕژێمی سووریا و ناوچە کوردییەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) بەفەرمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان بۆ بگەڕێتەوە و ئاڵای سووریا لە تەواوی دامەزراوە فەرمی و بارەگا سیاسی و حکوومییەکاندا هەڵبکرێت.
هەر بەپێی زانیارییە هەواڵییەکانی ڕووسیا، بەم نزیکانە گەڕێكی دیكەی گفتوگۆ و دانوستانی ئاشكرا و بە چاودێریی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ڕووسیا هەر سەبارەت بەو پرسە دەکرێن.
هاوکات هەر بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان، ئێستا جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لە نێوان (هەسەدە) و (ڕژێمی سووریا)دا هەیە کە لەوە دەچێت بەرەو ئاراستەی ڕێککەوتنێکی سەربازی و ئابووری بچێت.
رێککەوتنەکەش بە شێوەیەک دەبێت کە تەواوی نەوتی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سووریادا بڕوات و بفرۆشرێت، هەروەها بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ناوچە کوردییەکان ڕەوانەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا بکرێت، لە بەرامبەر ئەوەشدا رژێمی سووریا ئامادەیی دەربڕیوە هەر هێزەکانی سووریای دیموکرات بەناوی فەیلەقی شەش لە ناوچە کوردییەکاندا بمێننەوە و بودجە و مووچەیان لەلایەن رژێمی سووریاوە بۆ دابین بکرێت.
لەم بارەوە، ئاژانسی هەواڵی (سپۆتنیك) رووسی ئاشكرای كردووە کە پێشنیارێكی ڕووسی هەبووە کە هێزەكانی سووریای دیموكرات تێكەڵ بە هێزەكانی ڕژیمی سووریا بكرێن و پێشنیارەكەش جێگەی ڕەزامەندیی هەردولایان بووە.
لەم بارەوە، عیماد برهۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، ڕای گەیاند: "دەنگۆی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن هەیە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕژێمی سووریا بەوەی کە هێزەکانی (هەسەدە) ببن بە فەیلەقی شەشی سوپای رژێمی سووریا و دەسەڵاتی رژێم بۆ ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێتەوە کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتە، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە تا ئێستا بەفەرمی هێزەکانی سووریای دیموکرات دانیان پێدا نەناوە و رەتیان کردووەتەوە و هەر ڕێککەوتنێک تاکلایەنە پێش رێککەوتنی کوردی-کوردی بکرێت، لەسەر حسابی گەلی کوردە و بە هیچ شێوەیەک لەشکری پێشمەرگەی (رۆژ) نابێت بە بەشێک لە هێزەکانی سوپای رژێمی سووریا".
باسنيوز
