باوکی دیلە کوژراوەکە: زۆر هەوڵماندا لای پەکەکە بیهێنینەوە؛ بێئەنجام بوو
جووتیار موحسین 26 ساڵان لە 29ی مانگی یەکی ساڵی 2020 لە کاتێکدا لە کۆمپانیایەکی نەوت لە ئامێدی کرێکاری دەکرد، بە تۆمەتی سیخوڕی لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە لە شارۆچکەی چەمانکێ دەستگیر کرا.
تەرمی جووتیار و 12 کەسی دیکە لە دوای ئۆپەراسیۆنی چیای گارە بردرانە تورکیا و لە رێگەی دی ئێن ئەییەوە ناسنامەکەی دەستنیشان کرا.
موسین سیاری، باوکی جووتیارە و دەڵێت: "ناچار بووین بچین لە تورکیا تەرمەکەی بهێنینەوە. کاتێک لە دەستی پەکەکەدا دیل بوو زۆر هەوڵمان دا بیهێنینەوە، بەڵام بێئەنجام بوو."
تەرمی جووتیار بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر برایە گۆڕستانی شاخکێ لە دهۆک و لەوێ بە خاک سپێردرا.
ئالان بەشیر، ئامۆزای جووتیارە و دەڵێت: "داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو دنیا دەکەین ئەم ئاگرە دابمرکێننەوە"
دوای چوار رۆژ لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر چیای گارە، میدیای نزیک لە پەکەکە رایانگەیاند کە سوپای تورکیا دیلەکانی دەستی ئەوانی کوشتوون و لەگەڵ خۆیاندا بردوونیانەتەوە تورکیا، بەڵام تورکیا ئەوە رەت دەکاتەوە و دەڵێت بە گوللەی پەکەکە کوژراون.
rudaw -
