کەرکووک.. دژی تێکدانی شوێنی کاسبکاران خۆپیشاندان کرا

کەرکووک.. دژی تێکدانی شوێنی کاسبکاران خۆپیشاندان کرا
ئەمڕۆ سێشەممە 23/2/2021 لە كەركووك، دژی تێكدانی كەپر و دوكانەكانی كاسبكارانی بازاڕێكی شارەكە، خۆپیشاندانێك ڕێک خرا و خۆپیشاندەران داوایان كرد کە دەسەڵاتدارانی کەرکووک بەو كارەیان بژیوی خەڵک دەبڕن.

لەم بارەوە ئەدهەم جومعە، چاودێری سیاسی لە كەركووك، ڕايگەیاند: "خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی كاسبكارانی بازاڕی حەویجەی شاری كەركووك، لەوەوە سەرچاوەی گرت كە لەلایەن لیژنەكانی قایمقامیەتی ناوەندیی كەركووكەوە كەپر و شوێنی كاسبكارانی ئەو بازاڕەیان تێك دا، هەر لەو بازاڕەش بازاڕی سەوزەفرۆشەكان هەیە كە دەكەوێتە نزیك قەڵای كەركووك و ئەوەشیان بەتەواوەتی تێك داوە و عارەبانەی كەسبكارەکانیان لا بردووە".

گوتیشی: "بێكارییەكی زۆر ڕووی لە كەركووك كردووە و لەولاشەوە بە بیانووی جۆراوجۆر دەسەڵات لە کەرکووک وا دەكات كە بژیوی خەڵك ببڕێت و لەو شوێنی بازاڕی حەویجە كە شوێنی كاسبكارانە و هەموو پێكهاتەكان لەوێ‌ كار دەكەن، ئێستاش بەبێ دابینكردنی شوێنی تر بۆ ئەو كاسبكارانە رۆژانە هەڵدەكوتنە سەر ئەو كاسبكارانە و رێگە نادەن كار بكەن و شوێنەكانیان تێك دەدەن و كەسیش پشتگیرییان ناكات".

ماوەی دوو ساڵە بە بڕیاری پاریزگاری سەپێندراوی کەرکووک و قایمقامیەتی ئەو شارە چەندان بازار و شوێنی کاسبیی خەڵک کاسبکار و دەستەنگ بە بیانووی جۆراوجۆری وەک موڵکی حکوومەت تێک دراوە و خەڵکێکی زۆر بەم بۆنەوە بێکار بوون و ئەو شوێنانە دەدرێنە بەڵێندەر و بڕیارە بکرێنە مۆڵ و شوێنی بازرگانی.













باسنيوز


Top