لە ئێران پارێزگای سنە بۆ سێیەمین مانگ زۆرترین رێژەی هەڵاوسانی هەیە

لە ئێران پارێزگای سنە بۆ سێیەمین مانگ زۆرترین رێژەی هەڵاوسانی هەیە
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی رابردوودا بۆ خێزانەکان لە ئێران 48.2٪ بووە، بەڵام ئەو رێژەیە لە پارێزگای سنە 58.3٪ بووە.

بەپێی راپۆرتەکە، پارێزگای قوم کە بەراورد بە پارێزگای سنە داهاتی زیاترە، کەمترین رێژەی هەڵاوسانی هەبووە کە 43.4٪ بووە.

پارێزگای سنە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە بەرزترین رێژەی هەڵاوسان و بێکارییان تێدا تۆماردەکرێت.

هەڵاوسانی 12 مانگی رابردوو لە ئێران 34.2٪ بووە، بەڵام ئەو رێژەیە لە پارێزگای سنە 35.7 ٪ـە.

زۆرترین گرانبوونی کاڵاکان لە سنە تایبەت بووە بە گرانبوونی نرخی خۆراک و خواردنەوە و جگەرە.

ماوەی سێ ساڵە پارێزگای سنە زۆرترین گرانبوونی نرخی کاڵای تێدا تۆمار دەکرێت. ئەوە لە کاتێکدایە داهاتی هاونیشتمانییانی نیوەی داهاتی کۆی گشتییە.
rudaw -
Top