وردەكاریی دانی پارەی سێ ساڵی گەنمی جووتیاران دەخرێتە ڕوو
ئهمڕۆ دووشەممە 22/2/2021، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی 268 ملیار دیناری پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ى هەرێمی کوردستان دراوە، پارەكە نیوەی پارەی جووتیارانە".
ڕوونیشی كردەوە، نوێنەرانی وەزارەتی بازرگانی لە بەغدان و سبەی چەكی ئەو 268 ملیار دینارە بۆ هەرێمی كوردستان دەهێننەوە، گوتیشی: "هەندێك ڕۆتینات لە میكانیزمی وەرگرتنی پارەكە هەیە، میكانیزمەكان دەگرینە بەر و هەوڵ دەدەین دادپەروەری لە دابەشكردنی پارەكە هەبێت، كە دەكاتە نیوەی پارەی گەنمی هەر جووتیارێك".
نەوزاد شێخ كامیل جەختی لهوهش كردەوە کە دانی پارەكە بەپێی بەرنامەیەك دەبێت و دەكەوێتە سەرەتای مانگی ئادار.
لهلایهكى دیكهوه سەرچاوەیەكی بەرپرس لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند: "سایلۆكان چەكەكان بۆ لقی هەولێری بانكی ناوەندی دههێنن و لێرە پارەكەیان بۆ خەرج دەکرێت".
ئهوهشى خسته ڕوو، لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق پارەی پێویست هەیە و بێ كێشە خەرج دەكرێت.
557 ملیار و 775 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، كە بە ناحەقی لەلایەن بەغدا لە ساڵی 2014وە ڕاگیراوه، وەكوو قۆناغی یەكەم تەنیا 268 ملیار دینار خەرج دەكرێت.
باسنیوز
