ئومێد خۆشناو وەکوو پارێزگارى هەولێر دەستبەکار بوو

ئومێد خۆشناو وەکوو پارێزگارى هەولێر دەستبەکار بوو


دواى تەواو بوونى ڕێکارە یاساییەکانى متمانەپێدان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر و دەرچوونى فەرمانى هەرێمى و سوێندخواردنى، ئەمڕۆ بە ئامادە بوونى ڕێبەر ئەحمەد، وه‌زیری ناوخۆ، ئومێد خۆشناو وەک پارێزگارى هەولێر دەستبەکاربوو.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22/2/2021، دواى کۆبوونەوەى وەزیرى ناوخۆ و پارێزگارى هەولێر لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕای گه‌یاند، كه‌ دواى تەواوبوونى ڕێکاره‌ یاساییه‌كان، کوڕەشەهیدێك و کوڕیکى ناو جەماوەرى خەڵکى کوردستان، دەستنیشانکراوە و دەستبەکار دەبێت، بۆ ئەوەى لەمەودوا چالاکییە خزمەتگوزارییەکان باشتر بەڕێوە بچن و ئێمەش لە حکوومەت زیاتر هاوکارى دەکەین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئومێد خۆشناو پێشتر چەندان پۆست و ئه‌ركی بینیوه‌، کە لەهەموویان بەسەرکەوتوویی کارەکانى تەواو کردوە و دووجاریش لە پەرلەمانى کوردستان دەنگى شایستەى بەدەست هێناوە، بۆیە بەدەستنیشانکردنى ئومێد خۆشناو بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌، بێگومانین کە سەرکەوتوو دەبین.

باسی لەوەش کرد، کە لەم کۆبوونەوەیەدا کە ئەمڕۆ لە دیوانى پارێزگاى هەولێر بەڕێوە چوو، فەرمانى وەزاریمان ئاڵۆگۆڕ کرد، کە پێشتر هێمن قادر بە وەکالەت کارەکانى ڕایی دەکرد، ئومێد خۆشناو بە فەرمى وەک پارێزگارى هەولێر بە بەڕێوەبەرەکان بناسێنین.

وەزیری ناوخۆ گوتیشى ئاستەنگەکان زۆرن و گرفتەکانیش کەم نین، بۆیە ئەرکى ئومێد ئاسان نییە، بەڵام هەموو لایەک هاوکارى دەبین تا بتوانین هەموو خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە خەڵکى هەولێر بکات.

لەلایەن خۆشیەوە ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر ڕای گه‌یاند، سەربارى ناردنى درود بۆ گیانى فرسەت سۆفى پارێزگارى پێشووى هەولێر، کارنامەکەى ئەو تەواو دەکەین، کارنامەکەشمان کارنامەیەکى گشتگیر و فرەلایەنە و سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش پێداگیری لەوە کردووە، کە خزمەتگوزارى بۆ هاووڵاتیانى کوردستان بە گشتى و هەولێر، بە تایبەتى بکەین. ئێمەش بەردەوام دەبین و دەبێ فەرمانگەکانى حکومەت بەشێک بن لە خزمەتکارى هاوڵاتیان، بڕواشمان بەوە هەیە کە کارکردن بە یەک تیم و راستگۆیی و دەستپاکى و کارکردن لەسەر بنەماکانى کارى حکوومەت و بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى بەڵێن دەدەین بەوپەڕێ ئەمانەتەوە کار دەکەین.

گوتیشی: من لە ئەرکى ئێستام تێدەگەم، کە ئەرکێکى قورسە، بەڵام چاوەڕێی پشتیوانیی هەموو لایەک دەکەین، سۆز بە خەڵکى کوردستان و هەولێریش دەدەم کە خزمەتى هەولێر دەکەین و هەروه‌ک سۆزم بە سەرۆک بارزانى داوە، سۆز بە خەڵکى هەولێر دەدەین کە خزمەتکاریان بین.








باسنيوز
Top