وەزیری خوێندنی باڵا: فێربوونی زمانی دووەم نابێت لەسەر حیسابی فەرامۆشکردنی زمانی دایک بێت
د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی لە پەیامەکەیدا دەڵێت "بە شانازییەوە دەڵێم زمانی شیرینی کوردی، لەڕووی مێژوویی و قووڵایی پێکهاتە بنچینەییەکانی زمان، بە یەکێک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت، بڕوامان وایە کە زمانی دایک رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە گەشەکردنی هزری و سایکۆلۆجی و بنیادنانی کەسایەتی تاکەکانی کۆمەڵگە و بنەمای سەرەکیی پرۆسەی خوێندن و فێربوونە".
وەزیری خوێندنی باڵا پەرەپێدانی زمانی دایک بە "ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و مۆراڵی و زانستی و فاکتەری بنچینەیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی" دەبینێت و ئاماژە بەوە دەکات "وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دیدگا و پلانی درێژخایەنمان هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمانی کوردی، جێگەی خۆشحاڵییە کە ئێستا بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەڕووی مەعریفی و توانای مرۆییەوە لە ئاستێکی بەرزدان".
د. ئارام محەممەد قادر لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت "هیوامان وایە رۆژی جیهانیی زمانی دایک بکەینە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوە و پێکەوە گرێدانی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی و قووڵکردنەوەی یەکڕیزی و یەکێتیی نەتەوەییمان، بەم هەنگاوە دەتوانین رۆحی ئەو شەهیدانە ئاسوودە بکەین کە گیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی زمانی شیرینی کوردی".
rudaw -
