وەزارەتی پێشمەرگە: ئەم مانگە لیوا هاوبەشەکان سێ مووچە وەردەگرن
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-02-2021 میران بەکر، سکرتێری رۆژنامەڤانی و بەرپرسی نووسینگەی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە راگەیاند "بۆ ئەم مانگە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە سێ مووچە بە یەکەوە وەردەگرن. کێشەی مووچەی لیوای 12ی پیادەش چارەسەرکراوە و لە مانگەوە بەبێ لێبڕین مووچە وەردەگرن."
سکرتێری رۆژنامەڤانی و بەرپرسی نووسینگەی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "دابەشکردنی مووچەی سێ مانگی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی ئەمریکادایە."
د. کەمال تەیب، بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێشتر راگەیاند بوو کە، 25ـی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.
د. کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژ کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجی سەرەکیی بەدەستهێنانی داهاتی تەواوە بۆ دابەشکردنی مووچە و "بۆ ئەو مەبەستەش بە هەموو بزنسە گەورە و بچووکەکاندا چووینەتەوە بۆ وەرگرتنی باج". گوتیشی "بەدڵنیایی 25ـی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات".
رۆژی 26-01-2021 سەربەست لەزگین، بریکاری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد کە هەوراز گوڵپی پێشکەشی دەکرد و رایگەیاند "ئەمریکا مانگانە 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە دەنێرێت، ئەو پارەیەش بۆ 13 لیوایە و نزیکەی 30 هەزار پێشمەرگە لێی سوودمەند دەبن."
سەربەست لەزگین ئاشکرای کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش مووچەی لیواکانی دیکەی دابەشدەکرد، بەڵام پێش ماوەیەک لە ئەمریکاوە فشار دروست کرا کە زووتر هاوکارییەکانی ئەمریکا بەسەر پێشمەرگەدا دابەش بکرێن، بۆیە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا لەگەڵ گەیشتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا مووچە بەسەر ئەو 13 لیوایەدا دابەش بکرێت.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دابوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیاز نەبووە بە لێبڕینەوە مووچەی ئەو 13 لیوایە دابەش بکات، بەڵکو تەنیا چاوەڕێی کردووە هەموو لیواکانی پیشمەرگە پێکەوە مووچە وەربگرن. ئەو گوتیشی "ئەمریکا خۆی سەرپەرشتیی دابەشکردنی ئەو هاوکارییە دەکات کە دەینێرێت، بۆیە لێبڕینیشی تێدا بکرێت پارەکە بۆ ئەمریکا دەگەڕێتەوە."
rudaw -
