نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە عه‌مار حه‌كیم كرد

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە عه‌مار حه‌كیم كرد
ئەمڕۆ یەكشەممە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە سەید عەمار ئەلحەکیم سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتمانیى عێراق کرد، كە بۆ به‌شداریكردن له‌ ڕێوڕه‌سمی یادی ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم له‌ هه‌ولێره‌، لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا جه‌ختیان له‌سەر ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق كرده‌وه‌.

لە دیدارەكەدا، کە جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، نێچیرڤان بارزانی رۆڵی خوالێخۆشبوو شه‌هید محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیمی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رژێمی پێشوو و هه‌ڵوێسته‌کانی له‌ پشتگیریی مافه‌کانی گه‌لی کوردستان و لێکنزیککردنه‌وه‌ی لایه‌ن و پێکهاته‌کانی عێراق و‌ له‌ دانانی بنه‌ماکانی عێراقی تازه‌دا، به‌رز نرخاند.

هەروەها دوایین پێشهاتەکانى دۆخى سیاسى و ئەمنیى عێراق، کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا و هه‌وڵ و گفتوگۆى چارەسەرکردنیان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، پێشهاتەکانى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڤید_19 و لێکەوتەکانی، تاوتوێ کران.

هەردوولا کۆک بوون کە هەستیاریى قۆناغى ئێستاى عێراق و ئەو تەحەدییانەى رووبەڕووى وڵات بوونەتەوە، یەکڕیزى و تەبایى و هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان تەواوى لایەن و پێکهاتە عێراقییەکان دەخوازێت بۆ ئەوەى بتوانێت کێشە و قەیرانەکان تێپەڕێنێت و هەمووان پێکەوە ئەرکى نیشتمانیى خۆیان لەپێناو ئارامى و سەقامگیریى وڵاتدا، جێبەجێ بکەن.











باسنيوز



Top