بەرپرسێکی پارتی: ئەو بودجەیەی بۆ كەركووك خەرج دەكرێت دەچێتە گیرفانی كۆمەڵێک كەسەوە
لەمبارەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 21/2/2021، دیاری حوسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی، پارتی، ڕايگەیاند: "بارودۆخی كەركووك لە هەموو ڕوویەكەوە خراپە، بەتایبەت لەڕووی تەناهی و كارگێڕییەوە و ئەو هێزە سەپێندراوانەی كە هاتوونەتە شارەكە ئەوان بە كەركووك نامۆن و زۆربەی ئەو هێزانە یاساشكێنی دەكەن، هەروەها ئیدارەی كەركووك تەعریبێکردنەوەیەکی چڕیان دەست پێ كردووەتەوە و كێشە بۆ زەویوزاری جووتیارانی كورد دروست دەكەن و عەرەبە هاوردەكان كە كاتی خۆی هێنراونەتە كەركووك، هەروەها پاشان قەرەبووی مادەی 140یشیان وەرگرتووە ئەوانە ئێستا دێننەوە بۆ كەركووك و ئەو عەرەبە هاوردانە زەوییان پێ دەدرێت و خانوویان بۆ دروست دەكرێت و ئەوەش كێشەی گەورەیە".
گوتیشی: "بە قەناعەتی ئێمە بارودۆخی كەركووك ئاسایی نابێتەوە تا دۆخی كەركووك نەگەڕێنرێتەوە بۆ بارودۆخی پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017، بە شێوەیەك لە شێوەكان پێشمەرگە و سوپای عێراقی پێكەوە بتوانن چواردەوری كەركووك بپارێزن، وەكوو چۆن پێشتر پێشمەرگە پاراستی و نەیهێشت داعش بێتە ناو كەركووكەوە و وەكوو شارەكانی تری عێراق هاوشێوەی مووسڵ و تكریت و رومادی، بۆیە دەبێت پیشمەرگە دەوروبەری كەركووك بپارێزێت و دەكرێت پۆلیسی خۆجێی و ئاسایش بتوانن ناو شار بپارێزن بۆ ئەوەی كۆتایی بە گرفتەكان بێت".
ئەو بەرپرسەی پارتی روونیشی كردەوە: "ئێمە دەمانەوێت هەموو پێكهاتەكانی كەركووك وەكوو برا بژین، بەڵام ئێستا ئەو هەنگاوانەی كە لەلایەن ئیدارەی كەركووكەوە دەنرێت، هیچیان لە بەرژەوەندیی پێكەوەژیاندا نین و هەمووی بووەتە بەرژەوەندیی كۆمەڵە كەسێك کە بازرگانی و سەرمایەگوزاری دەكەن و تەنانەت ئەو بڕە بودجەیەی كە ساڵانە دێت بۆ كەركووك، هەمووی بۆ گیرفانی كۆمەڵە خەڵكێكە و هیچی بۆ كەركووك خەرج ناكرێت، ئەوەتا كەركووك لەڕووی پاك و خاوێنییەوە زۆر خراپە و خزمەتگوزاری ناكرێت، هەموو خەڵك هاواریەتی و بیكارە و باسی جیاوازی دەكەن و ئەوەش نابێت قبووڵ بكرێت".
باسنيوز
