بابەکر زێباری : عێراق و ھەرێم نەگه‌نە رێککەوتن دۆخەکە خراپتر دەبێت

 بابەکر زێباری : عێراق و ھەرێم نەگه‌نە رێککەوتن دۆخەکە خراپتر دەبێت
راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بە ھۆی زیادبونی ژمارەی چەکدارانی داعشەوە زۆر خراپ بوە، ئەگەر حکومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێم نەگاتە رێککەوتن، ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەگرێتەوە.

بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاندوە، "ھەندێک شوێن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بونەتە مۆڵگە بۆ داعش بە ھۆی ئەوەی ھیچ ھێزێکی کوردی و عێراقیی لێ نییە، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە، چونکە داعش لەوێ خۆیان رێک دەخەنەوە و کردەوە ئەنجام دەدەن".

ئەو ھێزە عێراقیانەی لە ناوچە کوردستانییەکانن، چەندین جۆرە ھێزن و بێ سەرکردایەتین و ھەر کەسێکیش بە ئارەزوی خۆی مامەڵە دەکات

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ھێزە عێراقیانەی لە ناوچە کوردستانییەکانن، چەندین جۆرە ھێزن و بێ سەرکردایەتین و ھەر کەسێکیش بە ئارەزوی خۆی مامەڵە دەکات، بۆیە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر مەترسیدارە.

بابەکر زێباری باسی لەوەشکردوە، "داعش رۆژانە کردەوە ئەنجام دەدات و بەردەوام ھێرش دەکاتە سەر ھێزە عێراقییەکان و دەیانکوژێت، گوندەکانیش بەردەوام لە ترسی داعش چۆڵ دەکرێن، بۆیە رۆژ بە رۆژ دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت و ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی نەکرێت، زۆر زۆر خراپتر دەبێت".

داعش کردەوەی پارتیزانی ئەنجام دەدات، بۆیە ئەگەر حکومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێم نەگاتە رێککەوتن

ئەوەشی خستەڕو، "داعش کردەوەی پارتیزانی ئەنجام دەدات، بۆیە ئەگەر حکومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێم نەگاتە رێککەوتن، دۆخەکە خراپتر دەبێت و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەگرێتەوە و تەشەنە دەکات، چونکە داعش بە ھۆی لاوازیی ھێزە عێراقییەکانەوە، زۆر بەهێز بوە".

زێباری رونیشیکردەوە، حکومەتی عێراق ھیچ رێگایەکی دیکەی نییە جگە لەوەی لەگەڵ ھەرێم بگاتە رێککەوتن، بەغداش نایەوێت بیکات، چونکە دەزانێت زۆرینەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان کوردن و ناوچەی کوردستانین، ھەر بۆیەش ماددەی 140 جێبەجێ ناکەن، چونکە ترسیان ھەیە ناوچەکان بێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، کە لە کۆتاییشدا ھەر وا دەبێت.







خەندان
Top