لە ھەولێر زیاتر لە 4 ھەزار كەس بۆ دیداری پاپای ڤاتیكان ناوی خۆیان تۆمار دەكەن
ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "ئامادەكاری بۆ دیدای پاپا فرانسیس دەكرێت و 10 ھەزار كەس دەتوانن بەشداری بكەن، ئەو دیدارە لە یاریگای نێودەوڵەتی فەرەنسۆ ھەریری لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت و لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق خەڵك ناوی خۆیان بۆ ئەو دیدارە تۆمار دەكەن، تەنھا لە سنووری پارێزگای ھەولێر 4 ھەزار كەس ناوی خۆیان نووسیوە".
رودی كنار، لیژنەی رێوڕەسمەكە بە كوردستان24ی گوت: "بۆ بەشداریكردن لە رێوڕەسمی قەداس لە ھەولێر 4500 كەس ناوی خۆیان تۆمار كردووە، لە شارەكانی دیكەی كوردستان و عێراقیش ناوەكان تۆمار دەكرێن، دواتر كارتێك بۆ ئەو كەسانە دروست دەكرێت بەو كارتە دەتوانن لە یاریگای فەرەنسۆ ھەریری بێنە ژوورەوە و بەشداری لە رێوڕەسمەكەدا بكەن".
راشیگەیاند: "جگە لە كریستیانەكان، خەڵكی دیكەش دەتوانن لە رێگەی لیژنەی رێوڕەسمەكە داوای بەشداریكردن بكەن".
بەگوێرەی بەرنامەی راگەیەندراو پاپا فرانسیس، لە 5/3/2021 دەگاتە بەغدا. بڕیاریشە رۆژی دواتر پاپای ڤاتیكان سەردانی نەجەف بكات و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان كۆببێتەوە، لەوێوە سەردانی شاری شوێنەواری ئوور بكات.
پاپای ڤاتیكان رۆژی 7ی ئازار سەردانی هەولێر دەكات و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و پیاوانی ئایینی پێشوازی لێدهكرێت.
K24
