حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە بەغداوە دەگەڕێنێتەوە هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە بەغداوە دەگەڕێنێتەوە هەولێر
کۆمپانیاکانی گەیاندن لە ساڵی 2015ەوە پابەند کرابوون بە پێدانی 20٪ـی باجی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بە حکومەتی عێراق. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو باجەی بەکارهێنەرانی سنووری دەسەلاتی ئەو دەیدەن، بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەکەی.

ئاراس تووتنچی، گوتەبێژی کۆرەک تیلیکۆم، راگەیاند: "ئێمە پێشتریش باجی 20٪ـمان داوە. ئێستایش ئەمە جۆرێکە لە دادگەری کە هەموو کۆمپانیاکان بیدەن. ئەم جارە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتن بکەن و ئێمەیش بەپێی رێککەوتنەکە باجەکەی خۆمان دەدەینە ئەو لایەنەی کە دەبێت بیدەینێ."

حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو مانگی بۆ رێکخستنی سیستەمی باج و جێبەجێکردنی بڕیارە 11 بڕگەییەکە دیاری کردبوو. یەکێک لە هەنگاوەکانیش دانوستاندنە لەگەڵ حکومەتی بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی باجی فرۆشی بەکارهێنەرانی سنووری هەرێمی کوردستان بۆ خەزێنەکەی.

کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری باجەکان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئەو کارتە مۆبایلەی کە بە 5 هەزارە و بە 6 هەزار دەدرێت، باجی فرۆشی دەدرێتە حکومەتی بەغدا. ئێمە ئێستا هەموو هەوڵمان ئەوەیە کە ئەو باجە کە بەکارهێنەرانی سنووری هەرێمی کوردستان دەدیدەنە بەغدا، بدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەو شێوەیە سەرمایەی هەرێمی کوردستان بپارێزین."

لە هەرێمی کوردستان سێ کۆمپانیا پەیوەندی و 25 کۆمپانیای ئینتەرنێت هەن. نزیکەی 90٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان هێڵێی موبایلیان پێگەیشتووە. هەروەها هێڵێ ئینتەرنێت بۆ نزیکەی 80٪ی دانیشتووان بەر دەستە. رێژەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی 55٪.
rudaw -
Top