دوای کۆنگرە کۆمەڵ ڕووبەڕووی بەیەکدادانی کادیرە کۆن و نوێکانی دەبێتەوە

دوای کۆنگرە کۆمەڵ ڕووبەڕووی بەیەکدادانی کادیرە کۆن و نوێکانی دەبێتەوە
دوای کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی کە لە چەند رۆژی رابردوو لە سلێمانی بەڕێوە چوو، کە تیایدا عەلی باپیر وەکو سەرۆکی حزبەکەی دانرایەوە و ناوی کۆمەڵی ئیسلامی گۆڕا بۆ کۆمەڵی دادگەری و پاشگری ئیسلامی لێکرایەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کێشە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە پێشبینی لێکترازان لە نێوان نەوەی نوێ و کۆنی ئەو حزبەدا دەکات.

کۆمەڵی ئیسلامی لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابووەوە، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکایەتی ئەو حزبە دەکات، لە چەند رۆژی رابردووش کۆمەڵی ئیسلامی چوارەمین کۆنگرەی حزبەکەی ئەنجامدا، کە تیایدا عەلی باپیر لە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیەوە کرایەوە بە سەرۆکی کۆمەڵ و ناوی حزبەکەش لە کۆمەڵی ئیسلامیەوە گۆڕا بۆ کۆمەڵی دادگەری، ئەوەش نیگەرانی بۆ ئەو سەکردە و کەسانە دروستکرد کە مانەوەی خۆیان لە کۆمەڵی ئیسلامیدا بەستووەتەوە بە پاشگری ئیسلامیەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆمەڵی دادگەری ڕای گەیاند، دوای کۆنگرە پێشبینی لێکترازان لەناو کۆمەڵی دادگەری لە نێوان نەوەی کۆن و نوێ دەکرێت، چونکە تەقلیدیەکانی ناو کۆمەڵ و ئەوانەی پێشتر بزووتنەوە بوون و هەر لە کۆنەوە لەناو ئەو حزبەدان بەستنەوەی خۆیان بەو حزبە بە پاشگری ئیسلامیەوە بەستووەتەوە، گووتیشی “جگە لەوەش هەولێریەکان و هەورامی و گەرمیانیەکانی ناو کۆمەڵ پێیانوایە ئەوان پەراوێزخراون و هەموو سەرکردایەتی کۆمەڵ خەڵکی سلێمانی دەستی بەسەردا گرتووە کە رەنگە ئەوەش تەقینەوەیەکی دیکەی ناو کۆمەڵی دادگەری بێت”.

لەمبارەوە، هەردوای کۆنگرە وەکو یەکەم کاردانەوە بۆ لادانی پاشگری ئیسلامی، ئەبو جهاد کفری، بەرپرسی ئەنجوومەنی کۆمەڵی ئیسلامی لە کفری، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، نووسیویەتی ”لەبەر لابردنی وشەی (ئیسلامی،) ئیستیقالەی خۆم دەکەم لە کۆمەڵ“.

پێشتریش، دڵشاد گەرمیانی لە ساڵی 2019، قسەی لەسەر ئەو پرسە کردوە و زۆر بەتوندی لە دژی ئەو دەنگانەی ناو حزبەکەی وەستاوەتەوە کە داوای لادانی پاشگری ئیسلامی دەکەن.

هاوکات، سۆران سێوکانی، توێژەری ئیسلامی سیاسی، ڕای گەیاند، ڕەنگە کەسانێک لەمەودوا رووبکە ئەو حزبانەی پاشگری ئیسلامی پێوە بێت، گووتیشی ”پرسی پاشگری ئیسلامی خۆی لەخۆیدا دەمێکە بۆتە بابەتی ناو ئیسلامیەکان ئەم بابەتە لە نەوەدەکانەوە زەقکراوەتەوە لەناو یەکگرتوودا کە ئەوکات بەندە و عەبدولڕەحمان سدیق و ئەبوبەکر کاروانی و چەندینیتر وروژاندمان، بەڵام گوێمان لێ نەگیرا، بەڵکو تاوانباریش کراین، ئێستا کۆمەڵ کە هەنگاوەکانی خێراتر کردوە بە بەراورد لەگەڵ یەکگرتوو، لەگەڵ ئەوەش دەشێت کەسانی تەقلیدی دەنگی خۆیان نەدەن بە کۆمەڵ و ڕووبکەنە هەر حزبێک پاشگری ئیسلامیی پێوە بێت“.












باسنیوز



Top