سێ ملیار دینار بۆ پێویستیی قوتابخانه‌ و په‌یمانگاكان ته‌رخان ده‌كرێ

سێ ملیار دینار بۆ پێویستیی قوتابخانه‌ و په‌یمانگاكان ته‌رخان ده‌كرێ
بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی قوتابخانە و پەیمانگاكان، بڕی سێ ملیار دینار خەرج دەكرێت، وەزیری پەروەردەش ڕای ده‌گه‌یه‌نێ ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كراوه‌.

بە پێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی كە لە 17/2/2021 بۆ وەزارەتی پەروەردە نێردراوە ، ئاماژە بەوەكراوە "رازین بە خەرجكردنی بڕی سێ ملیار دینار بۆ وەزارەتی پەروەردە".

لە نووسراوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە: "ئەو بڕه‌پارەیە بەدەر لە رێنوێنییەكان بۆ گشت پەروەردەكان و پەیمانگاكان خەرج دەرێت، بە مەبەستی كڕینی پێداویستیی پەڕاوگە و پێداویستییەكانی تری قوتابخانەكان".

جەخت لەسەر ئەوەش كراوتەوە بە پێی ژمارەی قوتابییان لە ناوەندەكانی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 ئەو بڕە پارەیە خەرج دەكرێت.

د.ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومه‌تی هه‌رێمی كودستان، رایگەیاند: "ئەم بڕە پارەیە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ قوتابخانەکان تەرخان کراوە".

له‌ باره‌ی وردەكاری و خەرجكردنی ئەو سێ ملیار دینارە، وەزیری پەروەردە گوتی: "ئەو بڕە پارەیە بۆ پێداویستیی قوتابخانەکانە لە پەڕاوگە و هەر کارێکی دیکەی پێویستی قوتابخانەکان، بۆ نموونە ئەگەر قوتابخانەیەک هەزار قوتابی هەبێت، یەک ملیۆن و 754 هەزار دیناری پێ دەدرێت، قوتابخانەکان تەواوی پارەی فرۆشگاکانیشیان بە گوێرەی ژمارەی قوتابیان پێ دەدرێت".












باسنیوز




Top