باڵوێزی بەریتانیا: پاڵپشتیی هەوڵەكانی مەسرور بارزانی و مستەفا كازمی دەكەین بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشە مووشەكییەكە

باڵوێزی بەریتانیا: پاڵپشتیی هەوڵەكانی مەسرور بارزانی و مستەفا كازمی دەكەین بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشە مووشەكییەكە
باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشە مووشەكییەكەی شەوی ڕابردووی سەر شاری هەولێر راگەیاند.

ستیڤن هیكی، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی بەڵێندەرە سڤیلەكە كرد كە لە ئەنجامی هێرشەكەدا گیانی لەدەست دا.

هاوكات جەختی كردەوە “ئەوانەی لەم ڕووداوە بەرپرسیارن، پێویستە بە سزای خۆیان بگەن و ئێمە پاڵپشتیی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە”.

بە گوێرەی راگەیاندراوی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، کاتژمێر 9:30 شەوی رابردوو (دووشەممە 2021/2/15)، چەند مووشەکێک ئاراستەی شاری هەولێر و دەوربەری كران و بەر چەند شوێنێک کەوتن. لە ئەنجامدا چەند کەسێک برینداربوون.

دوای ئەم ڕاگەیاندراوەش، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش ئاشكرای كرد كە لە ئەنجامی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر كە مووشەكێك بەر بنكەی هاوپەیمانان كەوتووە، لە ئەنجامدا بەڵێندەرێكی مەدەنی گیانی لەدەست داوە و چواری دیكەش بریندار بوون.








باسنيوز
Top