پەرلەمانتارێکی کورد: بەڵێن دراوە سبەی پارەی جووتیارانی کوردستان خەرج بکرێت

پەرلەمانتارێکی کورد: بەڵێن دراوە سبەی پارەی جووتیارانی کوردستان خەرج بکرێت
پەرلەمانتارێکی کورد رایدەگەیێنیت، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراق بە ناوی وەزیری بازرگانیی عێراقەوە پێی راگەیاندووە لە سبەی سێشەممە 2021/02/16وە دەست بە خەرجکردنی شایستەی دارایی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016ی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 2021/02/15 ئەندازیار عەبدولڕەحمان حەجی تۆفان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراق بە ناوی وەزیری بازرگانیی عێراق پەیوەندیی پێوە کردووە و پێی راگەیاندووە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیاندا رەزامەندیی تەواو دراوە لەسەر خەرجکردنی نیوەی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016.

موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوە دا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراق گوتی لە سبەیەوە داوا لە نوێنەرانیان دەکەن لە پارێزگاکانەوە بچن و چەک وەربگرن بۆ خەرجکردنی پارەکە کە بڕەکەی 826 ملیار و 892 ملیۆن دینارە. هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020ـیش خەرج دەکرێت.

موسەننا ئەمین باسی گوتی: "ئەمە مژدەیەکی خۆشە و دەستکەوتێکی گەورەیە. پشتیوان بە خودا لە سبەیەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

ئەو پەرلەمانتارە کوردە باسی لەوە کرد کە لە هەنگاوی داهاتوویاندا هەوڵەکانی خۆیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی نیوەی پارەکەی دیکەش خەرج بکرێت.

حکومەتی عێراق 557 ملیار دینار دیناری جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016 لایە و تا ئێستا خەرجی نەکردووە
rudaw -
Top