سزادراوێک لە چاکسازیی گەورانی هەولێر گیانی لەدەستدا
نیوەڕۆی ئەمڕۆ کەسێک بەناوی (و. ع) لە چاکسازیی گەورانی هەولێر گیانی لەدەستدا؛ سزادراوەکە بە ماددەی تیرۆر دەستگیرکرابوو، سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو و ماوەی 11 ساڵ بوو لە زیندان بوو.
لەوبارەوە هێمن نانەکەلی، بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا ماوەی هەفتەیەک بوو نەخۆش بوو؛ گومانی سیلی لێدەکرا و پزیشکەکان لە نەخۆشخانە رایانگەیاند، سنگی هەوکردنێکی زۆری هەبووە و نیشانەکانی وەک نیشانەی کۆرۆنا وایە.
هێمن نانەکەلی رایگەیاند، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا هەموو پێداویستییەکی تەندروستییان بۆ ئەو نەخۆشە دابینکردووە، بەڵام ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.
لەبارەی هۆکاری مردنەکە و نەخۆشیەکەشی، هێمن نانەکەلی گوتی، پزیشکی داد بڕیار دەدات کە هۆکاری مردنەکەی چی بووە و چ نەخۆشییەکی هەبووە.
بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، شوێنەکە زۆر قەرەباڵخە، چونکە خۆی شوێنی 900 کەس دەگرێت، بەڵام 2100 کەسی تێدایە و ئەوەش کێشەیەکی جیدییە.
k24 -
