لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان لە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی نزیک دەبنەوە

لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان لە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی نزیک دەبنەوە
لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، لە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی نزیک دەبنەوە، قەندیلیش گوشار دەخاتە سەر پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دوورکەوێتەوە.

دۆران كاڵكان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاکانی حزبەکەی، رایگەیاندووە، گرنگە ئەنجومەنی سووریای دیموكراتی (مەسەدە) و هێزەكانی ناو خۆبەڕێوبەریی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هێزەكانی سەر بە ڕژێمی سووریا و عەرەبەکان پەیوەندیی دروست بکەن و لەگەڵیاندا ڕێك بكەون.

د.کاوە عەزیزی، ئەندامی ئەنەکەسە رایگەیاند، دانوستاندن و گفتوگۆکانی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە بۆ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی بەردەوامن و نزیکبوونەوە هەیە، بەڵام ”پەکەکە چاوی بەو رێککەوتنە هەڵنایەت و دەیەوێ کێشەی بۆ دروست بکات“.

کاوە عەزیزی هەروەها رایگەیاند، ئەو جۆرە قسانەی کاڵکان کاتێک دەکرێ، کە کورد ناوماڵی خۆی یەکبخات، ئەوکات دەتوانێ لەگەڵ عەرەب و مەسیحی و لایەنی دیکە بە یەکگرتوویی رێک بکەوێ، هەر رێککەوتنێک پێش رێککەوتنی لایەنە کوردییەکان، سەرکەوتوو نابێت.

عەزیزی جەختی لەوەش کردەوە، کە مەرجی سەرەکیی ئەنەکەسە بۆ رێککەوتن لەگەڵ پەیەدە، دوورخستنەوەی پەکەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان، ”تاوەکو دەستی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت، ناوماڵی کورد یەک نابێت و رووداوی هاوشێوەی عەفرین چاوەڕوانکراو دەبێ، لەبەرئەوە، ئەگەر بمانەوێ دۆخی رۆژئاوای کوردستان پێش بخەین، ئەوە دەبێت پەکەکە لە رۆژئاوا دوور بخرێتەوە“.











باسنیوز



Top