زانیاریی نهێنی لەبارەی كەیسی كوژرانی خانەوادەكەی بەغدا ئاشكرا كرا

زانیاریی نهێنی لەبارەی كەیسی كوژرانی خانەوادەكەی بەغدا ئاشكرا كرا
زانیاریی تازە لەبارەی كەیسی كوژرانی خانەوادەكەی بەغدا ئاشكرا كرا و به‌رپرسی لقی بەغدای پارتی دیموكراتی كوردستانیش داوا دەكات، بە زووترین كات بكوژانی ئەو خانەوادەیە دەستنیشان بكرێن و دەستگیر بكرێن.

شوان محه‌مه‌د ته‌ها، بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "له ‌به‌غدا تاوانی كوشتن به‌ ده‌مانچه‌ی بێ ده‌نگ و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵی خه‌ڵك به‌ره‌و هه‌ڵكشانە، ئەمەش زۆر نیشانه‌ و دەلالەتی هەیە، هه‌ندێكی ته‌سفیاتی سیاسییه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌ش پرسی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌".

ڕوونیشی كردەوە كە ڕووداوی كوشتنی دارا ڕەئووف و كچەكەی و هاوسەرەكەی، هێشتا دەرنەكەوتووە كە وردەكارییەكەی چۆنە، بەڵام ”كوشتنێكی دڕندانەیە و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به ‌دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی وردن“.

شوان محەمەد ئاشكرای كرد كە شیلان دارا، یەكێك بووە لەو پزیشكانەی كە بۆ چارەسەركردنی خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریر كاری كردووە. بۆیە ”ڕەنگە هۆكارێكی ئەو تاوانە ئەوە بێت كە شیلان له‌ گۆڕەپانی ته‌حریر بووە“. گوتیشی: ”ئەوەندەی ئاگادار بین، دەزگا ئەمنییەكان سەرقاڵی دەستنیشانكردنی ئەو گرووپەن، داوا دەكەین بەجددی هەوڵی ئاشكراكردنی تاوانباران بدەن“.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ١٥ی ٩ی ٢٠٢٠، دارا رەئووف كە هاووڵاتییەكی كوردی دانیشتووی گەڕەكی مەنسوڕی شاری بەغدایە، لەگەڵ شیلانی كچی و هاوسەرەكەی لەنێو ماڵەكەی خۆیاندا لە لایەن گرووپێكی چەكدار سەربڕدران.

باس لەوە دەكرێت كە لە راپۆرتی پزیشكیدا ئاماژە بەوە كراوە كە شیلان دەستدرێژی كراوەتە سەر و هەردوو قاچیشی لە لاشەی جیاكراوەتەوە و بە شێوەیەكی دڕندانەتر لە دایك و باوكی كوژراوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، تاوانەكە لە ڕێگەی چوار كەسی دەمامكدارەوە ئەنجام دراوە. ماڵەكەشیان لە باڵەخانەیەكدا بووە كە بەرامبەر مۆڵی (بابیلۆن) و لە نزیك باڵوێزخانەی ڕووسیایە لە بەغدا، بۆیە ڕووداوەكان زۆرتر گوماناوین و هیچ كەسێك ناتوانن بە ئاسانی بچنە نێو باڵاخانەكەوە، بەڵام تاوانبارەكان بە جلوبەرگی چەكدارییەوە چوونەتە ژوورەوە.

هەر لەمبارەیەوە پەیامنێری (كوردستان ٢٤) لە زاری سەرچاوەیەكی پۆلیسی بەغداوە ئاشكرای كرد كە پۆلیس سەرەداوی دەستكەوتووە و ئەگەرێكی زۆر بەهێز هەیە كە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا تاوانبارەكان دەستنیشان بكرێن و دەستگیر بكرێن.

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە تاوانبارەكان بڕێك پارە و كەلوپەلیان لە خانووەكەدا بردووە، بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی شیلان دارا سەرقاڵی كردنەوەی دەرمانخانەیەك بووە لە گەڕەكی مەنسوڕە.

وێنەی ئەو باڵاخانەیەی كە تاوانەكەی تێدا ڕووی داوە:














باسنيوز





Top